سەرۆک بارزانی: لەیلا قاسم نموونەی باڵای ئافرەتی كوردە و مێژووی دروست كرد
K24 - هەولێر
سەرۆک بارزانی لە 50یەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ: لەیلا قاسم نموونەی باڵای ئافرەتی كوردە شەهیدبوونی وەك شانازییەك قبووڵ كرد.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە؛ لەیلا قاسم نموونەی باڵای ئافرەتی كوردە كە مێژووی بۆ خۆی و گەلەكەی دروست كرد. ئەو شەهیدبوونی وەك شانازییەك قبووڵ كرد بەڵام سەری بۆ جەللاد و دوژمن شۆڕ نەكرد. لەیلا قاسم و هاوڕێكانی بۆ هەموومان وانە و سەرمەشقن كە وەفاداری بۆ وڵات و بیروباوەڕ و مەرگی سەربەرزانە، زۆر پڕبەهاترە لە ژیانی بندەستی.
هەروەها ئاماژەی داوە، لە پەنجایەمین ساڵیادی لەسێدارەدان و شەهیدكردنی لەیلا قاسم و نەریمان فوئاد مەستی و حەسەن حەمە ڕەشید و ئازاد سلێمان میران و جەواد هەمەوەندی سڵاو بۆ گیانی پاكیان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.