عێراق و سووریا یاداشتێکیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە مۆر کرد

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، یاداشتێکی هاوکاری ئەمنی لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی، محەممەد خالید ئەلرەحمون، ئیمزا کرد.
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی هابەشدا لەگەڵ ئەلڕەحمون، گوتی: "یاداشتێک لەسەر هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات ئیمزا کرا، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ڕادەستکردنەوەی داواکراوان، بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تاوانی ڕێکخراو"، ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو ئەم بڕگانە بەم زووانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە".
لای خۆیەوە محەممەد ئەلڕەحمون، وەزیری ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە ڕێگاکانی هاوکاری لە هەموو بوارەکان کردووە، بەتایبەتی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، ئاماژەی بەوەش کرد "دیاردەیەکی تاوانکاری هەیە کە لەلایەن بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەکرێت."
ئەلرەحمون گوتیشی: یاداشتێکمان لە نێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی" دەشڵێت: "پێشتر ئەم هاوکارییە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بابەتەکانی دیکەدا هەبووە".