توانا نەجەف: هەوڵی تەواو دەدەین سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بەنووسراوی ژمارە 1928 لە 25-4-2024، ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە، بۆ ئەوەی سەرجەم ناوەکانی سێ یەکەمەکانی ساڵی 2017- 2018 تاوەکو 2022-2023، ئامادە بکەین تاوەکو بزانین چەند بودجەمان پێویستە بۆ دامەزراندیان.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەرەتای دروستبوونی کابینەی نۆیەم، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مەبەستی بوو بەدواداچوونی تەواو بکەین بۆ سێ یەکەمەکان لەسەر ئاستی بەش و هەروەها ئەوانەی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین لەناوەندەکانی خوێندندا دایانمەزرێنین.
ئاماژەی بەوەش کرد، توانیوومانە دوو ڕەوەند لەسەر بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵا دامەزراون، سەبارەت بە ئەوانەی دیکە کە لە دوای ساڵی 2017-2018 تاوەکوو ئێستە ماون، بە نووسراوی ژمارە 1928 لە 25-4-2024، ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە، بۆ ئەوەی سەرجەم ناوەکانی سێ یەکەمەکانی ساڵی 2017- 2018 تاوەکو 2022-2023، ئامادە بکەین تاوەکو بزانین چەند بودجەمان پێویستە بۆ دامەزراندیان.
توانا نەجەف، ڕاشیگەیاند، هەندێک لەو سێ یەکەمانە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و دامەزراون، هەندێکی تریان لە فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون، هەندێکی دیکە لەو سێ یەکەمانە چانسی کارکردنییان هەبووە، بۆیە ئەمڕۆ پلانێکمان داناوە سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە زانکۆکانمان گوتووە ناوەکانمان بۆ بنێرن تاوەکوو ئێمەش بیانێرین بۆ بایۆمەتری بۆ ئەوەی پشکنینی ناوەکان بکەینەوە.
دەشڵێت: سەبارەت بە دەرچووی بەشە تەندروستیەکان کە زیاتر لە 2400 کەسن، هاوئاهەنگیمان هەیە لەگەڵ حکوومەتی ناوەند، بەخۆشحاڵیەوە لەوێ چانسی کارکردن و دامەزراندنیان هەیە.