پارێزگای هه‌ولێر چەند بڕیارێک لە بارەى بازاڕى قەیسەرى هەولێره‌وه‌ ده‌رده‌كات

دیمەنێکی دوای سووتانی بازاڕی قەیسەری
دیمەنێکی دوای سووتانی بازاڕی قەیسەری

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هه‌ولێر بە ئامادەبوونى لایەنه‌ پەیوەندیداره‌كان، پێشوازی لە سەرجەم  دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕی قەیسەری هەولێر کرد.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 12ـی ئایاری 2024) دیوانی پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەکانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمرۆ (یەکشەممە 2024.5.12)، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى بەرپرسانى لایەنى پەیوەندیدار، پێشوازیی لە سەرجەم  دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕی قەیسەری هەولێر کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیان، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر سووتانی بازاڕی قەیسەریی و هاوخەمی لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕەکە، ئاماژەى بەوەدا، بەتەنیا جێتاناهێڵین و ئەوەى لە تواناماندابێت بۆتان، درێغى لێناکەین.

ئومێد خۆشناو ئاشکراشى کرد، "لێکۆڵینەوە لە دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە، هەر کەسێک گومانێک یان زانیارییەکى لایە، سوپاسی دەکەین هاوکارى تیمەکانى لێکۆڵینەوە بکەن".

دڵنییاشی كردنه‌وه‌، لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕاى گشتیى ئاشکرا دەکرێن و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە ڕادەگەیەندرێت.

پاشان پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بە چەند بڕیارێکدا کە لە بەرژەوەندى کاسبکارانى بازاڕەکە و لە پێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە وەرگیراوە، كه‌ بریتین له‌:

یەکەم/ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکارى کارنەکردنى سیستەمى جێگیرى ئاگر کوژێنەوەىی بازاڕى قەیسەرى.

دووەم/ پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى هاووڵاتییاندا.

سێیەم/ لەو شوێنانه‌ی بازاڕى قەیسەرى کە بە هۆى ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زووترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەى ناوەوەى دوکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و سەقفى گشتیى بازاڕەکە.

چوارەم/ چارەسەرکردنى سەرجەم کەم و کوڕییەکانى ئاو و کارەباى بازاڕەکە.

پێنجەم/ هەڵگرتنى سەرجەم سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسیانەی دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە، بە تایبەتى قه‌ده‌غه‌كردنی هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنى ئاگرەکە بووە.

شەشەم/ ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون، لەلایەن کۆمپانیایەکى تایبەتى سیکیوریتی، نامێنن و لە شوێنى ئەوان پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.

حەوتەم/ هەر دوکاندارێک کە کرێچى حکومەت بێت و لەو ئاگر کەوتنەوەیە زەر و زیانى پێگەیشتبێت، لە کرێى یەک ساڵى دوکانەکەى دەبەخشرێت.

هەشتەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون، لە کرێى (6 مانگى) زبڵ و خاشاک و تابلۆى دوکانەکانیان دەبەخشرێن.

نۆیەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵى 2023 لە (50%) ى باج و بۆساڵى 2024 لە (100%) ى باج دەبەخشرێن.

دەیەم/ هەر دوکاندارێک بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە بازاڕى قەیسەرى زەرەرمەند بووبێت، دواى وەرگرتنى نووسراوى پشتگیرى لە بەڕێوەبەرایەتى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە "بانکى جیهان" بەپێى ڕێنماییەکانى بانکى ناوەندىی بۆ ماوەى (24) تاکوو (36) مانگ سوود مەندبێت.

یازدەیەم/ هەر دوکاندارێک بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە، پارەى لە نێو دوکانەکەى ((تەنها دینارى عێراقى)) سووتابێت و بەڵگەى پێویستى لە بەر دەست بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت هاوکارى دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەى لە بانکى ناوەندى لقى هەولێر.

Fly Erbil Advertisment