قایمقامی چەمچەماڵ لەبارەی هێرشكردنە سەر كۆرمۆر ڕوونكردنەوە دەدات

کێڵگەی گازی کۆرمۆر
کێڵگەی گازی کۆرمۆر

K24 – سلێمانی:

قایمقامی چەمچەماڵ دەنگۆی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر رەت دەکاتەوە و دەڵێت: ئەمڕۆ هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.

ئەمڕۆ یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ هێرشێك نەكراوەتە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر و ئەو دەنگۆیانەی باس لە هێرشی درۆنی بۆ سەر كێڵگەكە دەكەن هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە.

ۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.

دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوە کرد: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.

Fly Erbil Advertisment