هەڤپەیڤینی کوردستان24 لەگەڵ ئێما پۆمێرۆی و ریك پۆتس لەبارەی شاندەر زێد
K24 – هەولێر:
ماوەیەک لەمەوبەر تیمێک لە پسپۆرانی شوێنەوارناسی بەریتانی روخساری ئافرەتێکی نیادەرتاڵیان ئاشکرا کرد کە مێژووەکەی بۆ 75 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەرێتەوە. لەدوای ئاشکراکردنی شانەدەر زێد، ئەم پرۆسەیە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە میژووی شوێنەوارناسی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان لانکەی شارستانییەت و مرۆڤایەتی بووە هەمیشە.
هاوکارمان عیسا حەسەن لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمەریکا گفتوگۆیهكی تایبهتی لەگەڵ ئێما پۆمێرۆی، لێكۆڵەر و شوێنەوارناس لە زانكۆی كامبریج و ریك پۆتس، بەڕێوەبەری ڕەچەڵەكی مرۆڤ لە پەیمانگەی سمیتسۆنیەن كردووه.
کوردستان24: دەتوانیت لەبارەی دۆزینەوەی کەللـەسەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر چیمان پێبڵێیت؟
ئێما پۆمێرۆی: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە نەك تەنیا كەللـەسەری ئەو ژنە بەڵكو ئێسكەپەیكەری بەشی سەرەوەی لاشەیمان دۆزیوەتەوە. بۆ یەكەمجار 2016ـە بوو چووینە شاندەر و لەوێ ماینەوە و هەڵكۆڵین تا 2018ـی خایاند تا توانیمان زۆر بە وریاییەوە هەڵكۆڵین بۆ ئێسكەپەیكەری بكەین. بەشێوەیەكی زۆر تایبەت كارمان پێدا كرد و هەموو شتێكمان تۆماركرد. ئاسان نەبوو و پڕ لە سەختی و ئاڵنگاری بوو. 2018 و 2019 و چەند ساڵێكی دیكەی پێچوو تا توانیمان ئێسكەكان پاكبكەینەوە و لەشوێنی خۆیان دابنێینەوە. چونكە ئێسكەكانی سەری چووبوونەوەیەك و ئەستوورییەكەی تەنیا چەند سانتیمەترێك مابوویەوە. ئێسكەكانیشی سوابوون و دەبوو زۆر بە وریاییەوە لێیان نزیكبینەوە لەگەڵ هاوڕێكانم. بەراستی هاورێكەم كارێكی زۆر باش و نایابی كرد لەوەی توانی بەجوانی و وریاییەوە هەموو ئەو ئێسكانە پێكەوە بنێتەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆر شت لەبارەی ئەو ئێسكە پەیكەرەوە بزانین."
کوردستان24: سەرەتا کێ داوای لێکردن کار لەسەر ئەم پرۆژەیە بکەن؟
ئێما پۆمێرۆی: لە سەرەتاوە من بەشێك نەبووم لە پرۆژەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە بەرێز باركەرەوە كردبوو، پرۆفیسۆری شوێنەوارناسە لە زانكۆی كامبریج، پێموابێت ئەوكات ساڵی 2011ە بووە. پرۆفیسۆر باركەر كاری لەسەر چەند ئەشكەوتێكی مێژووی لە چەند ناوچەیەكی جیاواز لە جیهان كردووە و ئەزموونێكی زۆر باش و ناوازەی هەیە لە هەڵكۆڵینی لە ئەشكەوتە مێژووییەكان. ساڵی 2011 حكوومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی كردووە بۆئەوەی دەست بەو پرۆژەیە بكات، دوو ساڵێكی پێچووە تا بودجە بۆ پرۆژەكە مسۆگەر بكەن. دواتر لە ساڵی 2014 پرۆسەی هەڵكۆڵین دەستیپێكردووە.
کوردستان24: هەروەک باستکرد پاچەکان زۆر وردببون، تا نزیکەی 200 پارچە بوون. تا چەند ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بوونەوە بەیەکیان بلکێننەوە؟
ئێما پۆمێرۆی: كارێكی پڕ ئاڵنگاری و سەخت بوو ئاسان نەبوو هەڵگرتنەوەی ئەو ئێسكانە لەسەر زەوی، چونكە زۆر نەرم و پواو بوون، هەندێكجار دەبوو ماددەیە وەك كەتیرەیان لێبدەین لە ئێسكەكان و دەورووبەری ئێسكەكانیش تا هەڵیانگرینەوە. دواتر ئەم ئێسكانە وەك پاكێجێك گواستنمانەوە بۆ زانكۆی كامبریج و وەك بۆم باسكردنی هاوڕێكەم لوسیا پۆڵین زۆر بە وریاییەوە هەموو ئێسكەكانی پاككردەوە و لە شوێنی خۆی دانانەوە. تەنیا ئەو پاككردنەوەیە و دانانەوەی ئێسكەكان لە شوێنی خۆیان زیاتر لە نۆ مانگی پێچوو. هێشتا كاری زۆرمان ماوە ئەنجامی بدەین. بۆیە كارێكی زەحمەت بوو.
کوردستان24: ئایا ئەمە تەنیا کەللـەسەرێک بوو یان ئێسکەپەیکەرێکی تەواو بوو؟
ئێما پۆمێرۆی: تەنیا كەللـەسەرێك نەبوو، بەڵكو ئێسكەپەیكەری بەشی سەرەوەی لاشەی بوو لە كەمەریەوە بەرەو سەرەوە. ئەو ئێسكە پەیكەرەی لە ساڵی 1960 دۆزرایەوە پێمانوایە ئەوە بەشی خوارەوەی ئەو ژنە بێت. زۆریش زەحمەتە بەیەك لەكاندنەوە و دانانەوە هەموو ئێسكە پەیكەری مەبەستم بەشی سەرەوەی لەگەڵ بەشی خوارەوەی كە پێشتر دۆزراوەتەوە. ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە كارەكانمان و ئێستا ئیشی لەسەر دەكەین.
کوردستان24: ئەم کەللـەسەر تاکە ئیسک و پروسکی دۆزاوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ نییە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرابێتەوە، بەڵکو لە ساڵانی پەنجاکانیش دکتۆر سیلێکی، شوێنەواناسی ئەمەریکی کاری هەڵکۆڵینی لەو ئەشکەوتنە ئەنجامدا، چی لەوبارەیەوە دەزانیت؟
ریك پۆتس: بەڵێ بە دڵنیاییەوە پەیمانگەی سمیتسۆنیەن و مۆزەخانەی مێژووی سروشتی نیشتمانی کە بەشێکە لە سمیتسۆنیەن، پەیوەندیی لەگەڵ دەستەی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق بەرەوپێشبرد و رێگە و دەرفەتی پێدرا پەیوەندی لەگەڵ خەڵكی کوردستان دروست بکات تا بتوانێت لە ئەشکەوتی شانەدەر کار بکات. لە ماوەی ساڵانی 1956 و 1957 تاوەکوو 1960، ژمارەیەک نێردە بە سەرپەرشتی دکتۆر سیلێکی سەردانی ئەو شوێنەیان کرد و پاشماوەی نۆ کەسیان دۆزیەوە، هەریەک لەمانە بە بەردبووی نیاندەڕتاڵ بوون و بە تایبەتی ئەوانەی لە ئەشکەوتی شانەدەر بوون چیرۆکێکیان هەبووە بیگێڕنەوە، ئەوان کەسانێک بوونە ژیاون و هەناسەیانداوە لە خەڵکێک بوونە پەیوەندییان بە خەڵكی ئێمەوە هەبووە کە ئێستا لە هەموو جیهان دەژین، بۆیە زنجیرەیەکی گرنگ لەو چیرۆکانە نیشان دەدەن کە ئێمە لەبارەی مێژووی قووڵی مرۆڤەوە لێی فێربین. ئەو نۆ ئێسکە پەیکەرە کە یەکێکیان لێرە لە سمیتسۆنیەنە، رێککەوتنەکە بەم جۆرە بوو نێردەی سمیتسۆنیەن هەندێک لە بە بەردبووی ئاژەڵ و کەرستەی دروستکراو لە بەرد و شوێنەوارییەکان و ئەوانەی چالاکییەکانی مرۆڤەکانی سەرەتا و ژینگەی نیاندەڕتاڵ نیشاندەدەن بهێنینەوە، کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دەژیان، بەڵام لە یەکێک لە حاڵەتەکان کاتێک بارێک گەڕاوە بۆ سمیتسۆنیەن دوای ئەوەی بە باشی ئامادەکرابوو، دەرکەوت بەشێک لە ئێسکە پەیکەرێک گەڕێندراوەتەوە و ناوی ئێسکە پەیکەری شانەدەر سێ بوو، بەگوێرەی رێککەوتن لەگەڵ دەستەی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق لێرە لەژێر ئاگاداری ئێمە ماوەتەوە، بۆیە شەرەفێکی گەورەیە ئاگاداری ئەو ئێسکە پەیکەرەبین. لە راستیدا لە 2010 بڕیارمدا ئەو ئێسکە پەیکەرە لە جانتایەکی زۆر پارێزراو نمایش بکەم تا خەڵک لە سەرانسەر جیهان بینەری بن. هەر کەسێک سەردانی ئەو مۆزەخانەیە بکات دەتوانێت ئێسکە پەیکەری شانەدەر سێ ببینێت و شتێک لەبارەی ئەو کەسە فێربێت.
کوردستان24: ئێوە هیچ ڕێککەوتنێکتان لەگەڵ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە بۆ کارکردن لەسەر پرۆژەیەکی دیاریکراو؟
ریك پۆتس: بەڵێ هاوشێوە و کەرستەی هەڵگیراوی زۆرمان هەیە کە پیتەکان نیشان دەدات، بەڵام چاومان لەوەیە رێککەوتنێکی دیکە بکەین تا بۆ خەڵكی کوردستان کارە راستەکە بکەین و هەروەها حکوومەتی عێراق و دەستەی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری بیەوێت رێککەوتنێکی لەو شێوەیە نوێ بکاتەوە، چاومان لەوەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو کارە پێکەوە بکەین.
کوردستان24: ئەو کەللـەسەرەی دۆزیوتانەوە هی ئافرەتێک بووە، ئایا زانیاریتان هەیە درێژی باڵای نیاندەرتاڵەکان چەند بووە و تەمەنی ئەو ئافرەتە و هۆکاری مردنەکەی چی بووە؟
ئێما پۆمێرۆی: هیچمان لەبارەی تەمەنیەوە نەدەزانی، بزانین كاتێك كۆچی دوایی كردووە تەمەنی چەند بووە؟ دواتر بە هەندێك ئاماژە بۆمان دەركەوت كە لەوانەیە لە چلەكانی تەمەنی بووبێت، بۆ ئەم سەردەمە تەمەنی چل ساڵی بە پیر هەژمار ناكرێت، بەڵام بۆ ئەو سەردەمە لەوانەیە چل ساڵ زۆر بووبێت و بە تەمەن بووبێت. بەهۆی ئەوەی ددانەكانی كەوتبوون بەتایبەتی ددانەكانی پێشەوەی، مینای ددانەكانی پێشەوەی بە تەواوی لەناوچووبوون و هەندێك لە ددانەكانیشی بەتەواوی تێکچووبوون ئەوەش لەوانەیە بەهۆی ئەو خۆراكانەوە بووبێت ئەو سەردەمە خواردوویانە، لەوانەیە ئەم سەردەمە خۆراك و خواردنەكان جیاوازتر بن و ئەوەندە زیان بە ددانەكان نەگەێنن.
کوردستان24: ئێوە ناوتان ناوە شانەدەر زێد، ئەمە لە چییەوە هاتووە؟
ئێما پۆمێرۆی: چیرۆكێكی هەندێك ئاڵۆزە، هەندێك لەو نیادەرتاڵانە ددانەكانیان دۆزراونەتەوە، ژمارەیان بۆ دانراوە، بۆ نموونە: یەك، دوو، سێ، چوار، ژمارەكانیش رۆمانی بوون. دواتر ژمارەیان بۆ دانراوەتەوە، بۆیە هەندێكجار سەرلێتێكدەرە و ژمارەكانیش دەگۆڕێن، ئێمەش نەمانویست ئەوەندەی دیكە ئاڵۆزی بكەین، بۆیە بڕیارماندا پیتی بۆ دابنێین. جیالەوەش دڵنیانەبووین لەوەی شاندەر زێد، بەشێك بێت لەو ئێسكانەی بەشی خوارەوەی خۆشبەختانە پێشتر دۆزراونەتەوە. وەك باسم كرد قاچەكانی هێشتا دیارنین. لەوانەیە ئەو قاچانەش ژمارەیان بۆ دابنرێت یان بۆیان دانرابێت. لەوانەیە شانەدەر 6 و شانەدەر 8. بۆیە پێمانوابوو ئەگەر ئێمەش ژمارەیان بۆ دابنێین زیاتر ئاڵۆزی دەكەین. بڕیارماندا پیت بەكاربهێنین. نەشمانویست پیتی ئێكس هەڵبژێرین چونكە لە ژمارەی رۆژمانیدا دەكاتە 10 چونكە وەك وتم ئاڵۆزترمان دەكرد. دواتر بڕیارماندا پیتی زێدی بۆ دابنێین."
کوردستان24: ئێوە هێشتا لەسەر پرۆژەکە کاردەکەن، چی دیکە ماوە دەتانەوێت لەبارەیەوە بزانن؟
ئێما پۆمێرۆی: یەكێك لەو شتانەی دەمانویست لەبارەیەوە بزانین، شێوازی ژیانی بوو. چۆن ژیاوە و چی خواردووە و لە كوێوە هاتووە و ئەو شتانەشی رۆژانە ئەنجامیداون. لێكۆڵینەوەمان لەسەر ئێسكەپەیكەرەكەی كرد و بینیت، لێكۆڵینەوە لەسەر شێوازی ماسولكەكانی كراوە و بزانین چ جۆرە كارێكی كردووە؟ توانیمان سەیری ددانەكانیشی بكەین بۆئەوەی وردەكاری شێوازی ژیانی بزانین. لە ددانەكانیەوە زۆر شتمان بۆ دەركەوت بۆنموونە لەبارەی تەندروستییەوە. بۆمان دەركەوت هەندێك كێشەی ددانەكانی هەبووە. لەرێگەی ئەو ددانانەوە دەكرێت لێكۆڵینەوە كیمیاییان لەسەر بكەین بزانین چی خواردووە؟ و لەوێشەوە لەوانەیە بۆمان روونبێتەوە بزانین لە كوێوە هاتووە؟ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو كلسەش بكەین لەسەر ددانەكانیەتی، لەوانەیە لەرێگەیەوە بزانین چ خواردنێكی خواردووە و لێكۆڵینەوەی دی ئێن ئەی لەسەر بكەین بزانین شێوازی ژیانی نیاندەرتاڵەكان چۆن بووە، بەتایبەتی شێوازی ژیانی شانەدەر زێد چۆن بووە؟"
کوردستان24: ئەمە سەرنجڕاکێشە، ئایا دەتوانین بزانین مرۆڤەکان کەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیاون؟
ریك پۆتس: کۆنترین نیاندڕتاڵەکان کە لە رۆژئاوای ئەورووپا بوونە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 400 بۆ 430 هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەشکەوتی شانەدەر یەکێکە لە کۆنترین بەڵگەکانی هەبوونی بەردەوامی نیاندەڕتاڵ لە ناوچەکە، لە چەندین چینی جیاواز لە ئەشکەوتەکە چەندین کەس هەن، ئێما بۆ مێژووەکە دەتوانی ڕاستم بکەیەوە چونکە لەوێ بەڵگەی نوێتر هەیە، بەڵام لەنێوان 80 بۆ 35 هەزار ساڵ لەمەوبەر بەشێوەیەکی گشتی ژمارەی نیاندڕتاڵ لە جیهان بەردەوام لە کەمبوونەوەدابوو، ئەمەش کۆتایی سەردەمی مانەوەیان بوو لەسەر زەوی.
کوردستان24: چ بەڵگەیەک هەیە لەبارەی لەنێوچوونی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و چ هۆکارێک بووەتە هۆی دیارنەمانیان؟
ریك پۆتس: چەندین بیرۆکەی جیاواز هەن و لەگفتوگۆی نێوان زانایان رای پێچاوانە لەو بارەیەوە هەیە، یەکێک لەو زانیاریانەی لەبارەی نیادڕتاڵ هەمانە ئەوەیە کە بەشەکانی جەستە و شێوازی دەموچاویان و بە تایبەتی بەشی ناوەڕاستی و نزیک لووتیان جیاواز بوو. هەندێک لە زانایان پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی نیادڕتاڵەکان لە ژیانکردن لە ژینگەی سارد بەشێوەیەکی جیاواز باش بوونە، بەڵام دەزانین جیهان گۆڕاوە و لە ساردەوە بووەتە گەرم و بەپێچەوانەشەوە لە ساردەوە بۆ گەرم لە ماوەیەکی درێژخایەن گۆڕاوە، دەکرێت لە کاتی سەرمادا نیادڕتاڵەکان لە ژینگەی سارد زۆر باشبوونە و دەتوانین بڵێین ئەو کەرستە کولتووریەیان نەبووە وەک پۆشاک و پەیوەندی لەگەڵ گرووپە دوورەدەستەکان، کە هۆمۆسەیپیەنس واتا جۆری ئێمە پشتی پێدەبەستێت و بۆ بڵاوبوونەوەی مرۆڤەکان لە جیهان گرنگە. ئەگەر نیادڕتاڵەکان ئەو تەکنەلۆژیا کولتوورییە و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان وەک مرۆڤەکان نەبێت، واتای ئەوە نییە کەمتربن بەڵکو بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی ناوچەکانیان زۆر باش بوونە، بەڵام کاتێک ژینگەی ناوچەکان گۆڕان ئاڵنگارییەکی زۆریان دروست کردووە.
کوردستان24: بە تێگەیشتنی تۆ لە هیچ سەردەمێکدا، مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەگەڵ مرۆڤی مۆدێرندا ژیاون؟
ریك پۆتس: لە راستیدا زۆر سەرنج راکێشە کە لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لە ترشی ناوەکی کۆن و ترشی ناوەکی خەڵکی ئێستا دەتوانین ببینین هەندێک جینی دیاریکراو و چەند بەشێک لە ترشی ناوەکی لە نیاندڕتاڵەکان دروست بووە، بەڵام لەگەڵ ئەندامانی جۆری مرۆڤی ئێمە هاوبەشی پێکراوە واتا بەریەککەوتن هەبووە و ئەگەری هەیە بۆ ماوەیەکی کەم بەردەوام بووبێت، مەبەستم ئەوەیە بۆ چەندین هەزار ساڵ بەردەوام بووە، بەڵام کورت خایەن بووە و دەریدەخات پەیوەندییەکی توندوتیژ و خراپ لەنێوان گرووپی مرۆڤە سەردەمییەکان و نیاندڕتاڵەکان نەبووە، بەڵکو دەکرێت هەندێک کات دۆستانە بووبێت.
کوردستان24: مرۆڤە کۆنەکان و مرۆڤە مۆدێرنەکان سەدا چەندی دی ئێن ئەیان هاوبەشە؟
ئێما پۆمێرۆی: جیاوازی هەیە لە نێوان دانیشتوان لە گۆی زەوی و جیاوازیش هەیە لەنێوان تاكەكانیش، بەڵام بەگشتی لەنێوان یەك بۆ سێ لەسەدی دی ئێن ئەی لە هەندێك لە دانیشتوانی باشووری ئەفریقا جیاوان لە ئەوانی دیکە، بەڵی بەڵام بە رێژەیەكی كەم.
کوردستان24: (عیسا حەسەن) من خۆم خەڵکی ناوچەی چۆمانم لە پارێزگای هەولێر کە نزیکە لە ئەشکەوتی شانەدەر و چەندین جار چوومەتە ئەو ناوچەیە و ئەشکەوتی گەورەتریش لەو ناوچەیە هەیە، ئایا دەکرێت شوێنەواری مرۆڤەی نیاندەرتاڵی دیکە لەو ناوچەیە هەبێت؟
ئێما پۆمێرۆی: ئەمەیان دەكرێت، بەڵام تاكە شتێك ئێمە بەدڵنیاییەوە لەبارەی نیاندەرتاڵەكانەوە دەیزانین، ئەوەیە ئەوان لە یەك شوێن نەماونەتەوە، واتە جێگیر نەبوون. ناوبەناو لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە چوون. مەبەستم ئەوەیە دەكرێت لەچەند ئەشكەوتێكی دیكەش لەو ناوچەیە مابنەوە. لەشوێنی دیكەش ژیابن و مردووەكانی خۆیان لەوێ بەخاكسپاردبن. ئەمە زۆر گرنگە بۆئەوەی بزانین نیاندەرتاڵەكان چۆن ژیاون و چۆن ئەو ناوچەیان بەكارهێناوە و وەك خۆی لێیان تێبگەین. هەڵكۆڵین لەو ئەشكەوتانە لەلایەن تیمی شوێنەوارناس و هەڵكۆڵەری پیشەییەوە ئەنجامدراوە و دەزانن چۆن كارەكە دەكەن و چۆن هەمووشتێك تۆمار دەكەن؟ ئەوەی هەیە لەو شوێنانە بیدۆزنەوە. وا دەردەكەوێت ئاسان بێت، بەڵام بۆ شوێنەوارناسی زۆر زەحمەتە هەمووشتێك بەجوانی بدۆزیتەوە و وەك خۆی تۆماری بكەیت، بۆئەوەی هەرچی زیاتر لەبارەی نیاندەرتاڵەكانەوە بزانین.
کوردستان24: ئێوە لە بەشێکی بچووکی ئەشکەوتی شاندەر کاری هەڵکۆڵینتان ئەنجامداوە، ئایا دەکرێت هەر لەو شوێنە شوێنەواری مرۆڤی نیاندەرتاڵ مابێت؟
ئێما پۆمێرۆی: ڕاستە ئێمە لەو ناوچەیە كاری هەڵكۆڵینمان كردووە، ئەو شوێنەی پێشتر هەڵكۆڵینی تێدا كراوە. واتە بەشێكی زۆری ئەو ئەشكەوتە هێشتا هەڵكۆڵینی بۆ نەكراوە. چونكە شاندەر بەڕاستی ئەشكەوتێكی گەورەیە. چونكە ئێمە كاتێك باسی ئەشكەوت دەكەین، وەك بڵێی شوێنێكی بچووكە، بەڵام شاندەر ئەشكەوتێكی گەورەیە و بەڵێ دەكرێت هێشتا ئێسكەپەیكەری نیاندەرتاڵی دیكەی تێدا بێت. جارێكی دیكە دەیڵێمەوە زۆر گرنگە بە وریایی و پیشەییەوە كاری هەڵكۆڵینی تێدا بكرێت بۆئەوەی هێشتا زیاتر لەبارەی نیاندەرتاڵەكانەوە بزانین.
کوردستان24: مرۆڤی نیاندەرتاڵ چۆن ژیاون و تەمەنیان چەند بووە؟ ژیانی کۆمەڵایەتییان چۆن بووە؟ ئایا ئەوان مرۆڤی ژیر و ئاڵۆز بوون؟
ریك پۆتس: ئەمە نهێنیەکی مەزن و پرسیارێکی باشە بۆ ئێمە کە بەخۆمان دەڵێین زانایانی بە بەردبووەکان و هەروەها ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوە لە ژیانی مرۆڤی کۆن دەکەن، بە دڵنیاییەوە نیاندڕتاڵەکان خۆراکیان کۆدەکردەوە واتا دەگەڕان تا راوبکەن و خۆراک کۆبکەنەوە و وەک ئەو کەسانەی ئێستا دەژیان کە لە شارەکان دەژین، دەکرێت ناوی لێبنرێت ژیانێکی سادە، بەڵام ژیانێک بوو کە لە رووی چالاکییەکانی راوکردن و کۆکردنەوە پڕ بووە لە وریایی و هۆکار بووە بۆ ئەوەی تەنانەت کەسە بە تەمەنەکانیش کە لەنێوان 50 بۆ 60 ساڵ ژیاون تووشی هەوکردنی جوومگەکان بوون و بۆ هەندێکیان کۆتایی ژیانیان زۆر بە ئازار بووە، بەڵام لە هەمان کات لە ژیانی کۆمەڵایەتییان بەڵگەی سەرنج راکێشمان هەیە کە زۆر گرنگیان بە یەکترداوە. نموونەیەک هەیە لە ئەشکەوتی شانەدەر کە ناوی لێنراوە شانەدەر یەک، ئەو کەسە لە تەمەنێکی بچووکدا گورزێک بە سەری کەوتووە واتا لایەکەی دیکەی جەستەی گەشەی نەکردووە و نەیتوانیوە بڕوا یان رزگاری بێ، ئێسکە پەیکەرەکە هی نێرە، بەڵام ئەو کەسە تا تەمەنی 50 بۆ 55 ساڵی ژیاوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرووپێکی کۆمەڵایەتی دڵسۆز و ئاگاداری ئەو کەسە بوونە. کاتێک باسی ئەشکەوتی شانەدەر و نیاندڕتاڵەکانی شانەدەر دەکەین، دەرفەتێکی باشە بۆ خەڵك لەبارەی ئەو هاوسۆزی و گرنگی پێدانە فێربن کە بەشێک بووە لە ژیانی کۆمەڵایەتی نیاندڕتاڵەکان. بەشێوەیەکی گشتی باشترین شوێن بۆ باسکردنی ئەو بابەتە شانەدەرە."
کوردستان24: لەنێو گۆڕەکانی ئەشکەوتی شاندەر لە نزیک ئێسکە پەیکەرەکاندا دەنکە هەڵاڵەی گوڵ دۆزراوەتەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە نیاندەرتاڵەکان لەکاتی ناشتنی مردووەکانیان چەپکە گوڵیان لەسەر تەرمەکانیان داناوە؟
ریك پۆتس: ئەمە چیرۆکێکی سەرنج راکێشە و جارێکی دیکە دەڵێم لەڕووی زانستیەوە بیروڕاوی جیاواز هەن لەبارەی ئەوەی چۆن روونکردنەوە بۆ بەڵگەکان بکرێت، لە هەموو شوێنەکانی ناو شانەدەر دەنکە هەڵاڵە بوونی هەبووە بەڵام لەو شوێنەی تێیدا ئێسکە پەیکەری نیاندڕتاڵێک بە ناوە شانەدەر چوار کە لەلایەن راڵف سیلێکی و تیمەکەی دۆزرایەوە، بەشێوەیەکی چڕ دەنکە هەڵاڵە هەبوون و بۆ زانایانی رووەکناسی نائاسایی بوو و دەنکە هەڵاڵەکان لە حەوت بۆ هەشت جۆری جیاواز و رەنگاڕەنگی گوڵەوە سەرچاوەیان گرتووە، دەتوانی بیر بکەیتەوە زانایان چۆن بیریان کردووەتەوە لەوەی ئەمە ئاماژەیە کە نیادڕتاڵەکان نەک تەنیا گرنگیان بە یەکترداوە بەڵکو ئەگەری ئەوە هەبووە رێز لە مردووەکانیان بگرن. بۆیە ئەگەری هەبووە لق و گوڵەکان لە دەوروبەری تەرمەکە دانرابن یان ئەوەی دروستمان کردەوە و راڵف سیلێکی پێشنیازی کرد ئەگەری هەبووە شوێنی ئامادەکاری هەبووبێت و گوڵەکان و لقی درەختی سەوزی لەخۆگرتووە تا رێز لەو کەسە بگرن.
کوردستان24: نیاندەرتاڵەکان تەنیا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەژیاون، لە ئەورووپا و ناوەڕاستی ئاسیا ژیاون، ئایا پەیوەندی هاوسەرگیری لەنێوانیاندا هەبووە؟
ئێما پۆمێرۆی: بەدڵنیاییەوە جۆرێك لە پەیوەندی هەبووە، بەڵام هیچ جۆرە بەڵگەیەكمان نیە ئەوە بسەلمێنت نیاندەرتاڵەكان لە ناوچەیەكی دوورە هاوسەرگیریان لەگەڵ كەسێكی دیكە كردبێت، مەبەستم ئەوەی هەموو لە ناوچەیەكی بچووكدا ژیاون و كۆمەڵگەیەكی خۆجێیی زو بچووكیان هەبووە و تێكەڵ بوون. ئێمە چەند بەڵگەیەكمان هەن ئاماژەبەوە دەكەن هەن لە دانیشتوانی ناوچەكە لە بەشێكی ئەم زەوییە قڕیان كردووە و نەماون. بۆنموونە ئاسیا بەڵگەمان هەن، نیاندەرتاڵەكان لەوێ ژیاون و دواتر بۆ ماوەیەك دیارنەماون. بەڵام دوای ماوەیەك دەركەوتوونەتەوە، بەڵام بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی جیناتەوە سەلمێنراوە ئەوانەی دەركەوتوونەتەوە و ناچنەوە سەر ئەو نیاندەرتاڵانەی پێشتر لەو ناوچەیە ژیاون. بەڵكو رەچەڵەكیان دەچێتەوە سەر ئەوانەی لە رۆژئاوای ئەوروپاوە هاتبن و لەوێ گیرسابنەوە. سەرنجراكێشە كاتێك دەزانی ئەو خەڵكانە چۆن لە شوێنێكەوە چوونەتە شوێنێكی دیكە و چۆن پەیوەندییان بە یەكەوە هەبووە. ئەوە شتێك بوو بەراستی زۆری لێوەفێربووین، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنیكەكانی راڤەكردنی دی ئێن ئەیەوە.
کوردستان24: ئایا نیاندەرتاڵەکانی کوردستان و ئەورووپا و ئاسیا لە یەک کاتدا ژیاون و پێکەوە لەناوچوون؟
ریك پۆتس: نزیکەی لە دەوروبەری ئەو کاتە لە رۆژئاوای ئەوروپا، هەرچەندە یەک شوێن هەیە لە باشووری رۆژئاوای ئەوروپا ئەگەری هەیە مێژووەکەی نوێتربێت، بەڵام لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دەگاتە سیبیریا نیاندڕتاڵ بڵاوبووەتەوە و لە دەوروبەری 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر کۆتایی مانەوەیان بووە.
کوردستان24: شاندەر زێد خەڵکی کوردستانە و ئێستا لە بەریتانیایە، لاریتان هەیە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی؟
ئێما پۆمێرۆی: بەدڵنیاییەوە، پێموابێت زۆر گرنگە ئەو ئێسكەپەیكەرە بگەڕێندرێتەوە بۆ كوردستان، و ئەوەشمان مەبەستە، بەڵام لەراستیدا هۆكاری ئەوەی ئێستا لێرە لە كامبریجە ئەوەیە، رێككەوتنێكی زۆر باش و درێژ ماوەمان لەگەڵ بەرێوبەرایەتی گشتی شوێنەواری كوردستان هەیە. بەتایبەتی لەگەڵ كەیفی عەلی كە ئێستا بەڕەێوبەرە. بۆئەوەی لێرە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەین و لەگەڵ ئەوەشدا ئێسكەكان بپارێزین و خاوێنیان بكەینەوە و بۆئەوەی خۆیان بگرن و بۆ چەند نەوەی داهاتووش بمێننەوە و لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەن. بەڵام بەدڵنیاییەوە كاتێك ئەو كارەی ماومانە تەواو بوو ئێسكەكان دەگەڕێندرێنەوە بۆ كوردستان.
کوردستان24: هیچ پرۆژەی دیکەتان هەیە؟ ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتتان بکات کاری دیکە ئەنجام دەدەن؟
ئێما پۆمێرۆی: ئێستا تەنیا چاوم لەسەر ئەشكەوتنی شاندەر و تیمەكەم و پرۆژەكەیە. دەتوانم بڵێم ئەو پرۆژەیە بەشی ئەوەندە هەیە كە بۆ چەند ساڵێكی دیكەش زۆر سەرقاڵمان بكات بەخۆیەوە و چەندین لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەین. بەڵام كێ دەزانێ بۆ داهاتوو چی دەبێت؟ بەڵام وەك باسمكرد، ئیستا شاندەری زۆر سەقاڵی كردووین.
کوردستان24: هەرێمی کوردستان لە ڕووی شوێنەوارناسی نوێیە و مێژوویەکی چەند ساڵی هەیە، تا چەند ئامادەن هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دروستکردنی مۆزەخانەیەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی پارچە شوێنەوارییەکان؟
ریك پۆتس: بڕوام وایە پێویستە سمیتسۆنیەن و مۆزەخانەکان لە هەموو جیهان هەمیشە ئامادەبن یارمەتی پێشکەش بکەن و بەیەکەوەکار بکەن و هاوبەشییەکان بۆ نموونە لەگەڵ کوردستان گەشە پێبکەن، تا تواناکانیان بەرەوپێش ببەن، نەک تەنیا بۆ زانست بەڵکو بۆ پارێزگار و بەڕێوەبردنی کۆکراوەکان و بەرەوپێشبردنی مۆزەخانەکان کە سەرنجی خەڵک رادەکێشێت، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە هەموو شوێنێکی دیکە لە جیهاندا.
کوردستان24: زۆر سوپاس بۆ ئێوە.