دوو فەرمانبەر لە دیوانییە دەستگیر کران

K24 - هەولێر

دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، دوو فەرمانبەری دیوانییەی دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی سەرپێچیکردن لە ئەرکەکانیان و وەرگرتنی بەرتیل.

فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکوومەت لە دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، تیمی کاریی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دیوانییە، فەرمانی دەستگیرکردنی دوو فەرمانبەری جێبەجێ کرد، کە لە بەشی ژمێریاری نەخۆشخانەی فێرکاریی دیوانییە بوون. ئاماژەی کرد، "هەموو ئەو کەلوپەلانەی بە نایاسایی بردبوویان، دەستیان بەسەردا گیراوە و داهاتی فرۆشتنی بلیتەکان کە کۆکراوەتەوە وەک داهات دەگەیەنرێتە دەوڵەت."

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو فەرمانی دەستگیرکردن و گەڕانەی کە دەرچووە بەپێی بڕگەکانی ماددەی (341)ی یاسای سزادان جێبەجێ کراوە.

ئاشکراشی کرد، بەدواداچوون کراوە لە بەرپرسی یەکەی ژمێریاری نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان،  بەردەوام بووە لە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرێک، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی قەرزی کە قەرزاری بووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ستافی بەشی لێکۆڵینەوە و کۆنترۆڵی دادوەریی توانیویانە فەرمانبەرێک لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی دیوانیە دەستگیر بکەن، کاتێک ڕاستەوخۆ بەرتیلی لە هاووڵاتییەک وەرگرتووە، لە بەرامبەر بەدواداچوون و تەواوکردنی پلەبەرزکردنەوەی مامەڵەکە لە پارچە زەوییەک کە لەلایەن ئەوەوە کڕدرابوو، ڕاشیگەیاند، تۆمەتبارەکە بەپێی بڕگەکانی بڕیارنامەی 160ـی ساڵی 1983 دەستی دەستگیر کراوە.