سیپان شێروانی: هیچ پاڵنەرێکی یاسایی نییە بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

K24- هەولێر
ئەندامی لیجنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو بڕیارەی دوایی دادگای فیدراڵی، من پێم وایە مووچە چۆتە قۆناغێکی قورستر لەوەی پێشتر هەبووە.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیجنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو بڕیارەی دوایی دادگای فیدراڵی، من پێموابوو مووچە چۆتە قۆناغێکی قورستر لەوەی پێشتر هەبووە، ئێستە ئەمەش دەرکەوت.
شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕیارەی لە دادگای فیدراڵی دەرچوو لەگەڵ ئەو عەقلیەتەی لە عێراق هەیە، بەتایبەت لە وەزارەتی دارایی بەرانبەر بە کورد و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانکراو بوو کە بەو شێوازە یاری بە مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، کۆمەڵێک شت کە باس دەکرێت بەناوی وردبینیی لیستی مووچە و چەندەها شتی دیکە، ئەمانە هیچ بنەمایەکیان نییە، چونکە کاتێک تۆ بەراوردی بابەتێک دەکەیت، دەبێت بابەتە ڕەسەنەکە دیار بێت، ئەوکات دەزانی جیاوازییەکە چییە.
سیپان شێروانی گوتیشی: هەرچیەک ئێستە دەکرێت بیانوو هێنانەوەیە، هەروەها هیچ پاڵنەرێکی یاسایی دەستووری و کارگێڕی نییە بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەرکەسێکیش لە هەرێمی کوردستان یان بەغدا بیانوو بۆ ئەو سیاسەتە شۆڤینیانەی کە لەدژی مووچەخۆران و هەرێمی کوردستان دەگرنەبەر بهێنێتەوە، وەک ئەوە وایە کە بەشدار بووە لە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.