خۆپیشاندانێکی ئیسلامییەکان ئەڵمانییەکانی توڕە کردووە

K24 - هەولێر

هێزێکی ئیسلامی توندڕەو لە ئەڵمانیا لە خۆپیشاندانێکیدا داوای حوکمی خەلافەتی کرد، ئەوەش ناوەندەکانی بڕیاربەدەستی ئەڵمانیای تووڕە کردووە و نیگەرانی خەڵکیشی لێ کەوتووەتەوە. پرسەکە ماوەی دوو هەفتەیە بووەتە بابەتی سەرەکی مێدیای ئەڵمانیا.

لە سەرەتای ڤیدیۆکە، دیمەنی خۆپیشاندانێکی هێزێکی ئیسلامی لە شاری هامبۆرگی باکووری ئەڵمانیا دەردەکەوێت. ئەو خۆپیشاندانە ماوەی دوو هەفتەیە ئەڵمانەکان، سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی حکوومەتی تووڕە کردووە؛ بەو هۆیەی خۆپیشاندەران دژی دیموکراسییەتی ئەڵمانیا دروشمیان بەرزکردووەتەوە و داوای حوکمی خەلافەتیان کردوە.

ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش دەڵێت، هیچ پێشێلکارییەک بەبێ سزا تێپەڕ نابێت و پشتیوانیی لە هەنگاوەکانی وەزیری ناوخۆ دەکات کە باسی لە خێرا دیپۆرتکردنەوەی ئیسلامییە توندئاژۆکانیان بۆ وڵاتەکانیان کردووە.

لە ئەڵمانیا، نزیکەی شەش ملیۆن موسڵمان دەژین و سێ هەزار مزگەوتیان لە سەرانسەری ئەڵمانیادا هەیە. موسڵمانانی ئێرە لە پاڵ ئەوەی دەستیان بە ئایین و ناسنامەی خۆیانەوە گرتووە، ڕێز لە دەستوور و یاساکانی ئەڵمانیا دەگرن، خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگا گونجاندووە و ئاشتییانە لەو وڵاتەدا دەژین؛ بەڵام ڕەفتاری گرووپە توندئاژۆکان نەک تەنها بۆ ئەڵمانەکان، بەڵکوو بۆ موسڵمانانیش مایەی سەرئێشەیە.

پێشڕەو محەممەد، نووسەرێکی کوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا، لە ڕێگەی گوتار و بڵاوکردنەوەی کتێبەوە بۆچوونی خۆی لەبارەی بابەتەکە بڵاو کردووەتەوە و پێیوایە ئەو پێشهاتە زیان بە موسڵمانانی ئەڵمانیا دەگەیەنێت.

ئەو نووسەرە کوردە دەڵێت، "پەیامی هەرە سەرەکی لایەنگرانی دیموکراتی و بیری لیبراڵ ئەوەیە پێکەوە کاربکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو فۆرمەکانی توندڕەوی، پەڕگیریی سیاسی و کولتووری کۆمەڵایەتی چ لە بەرەی ڕاستڕەوی ئەڵمانی بێت چ لە ئیسلامی سیاسی توندڕەوی سەلەفی بێت یاخود بەرەی چەپڕەوی ڕادیکاڵ".

دامەزراوە ئەمنی و دەستوورییەکانی ئەڵمانیا، هێزە ئیسلامییەکان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەڵمانیا دەزانن. بەپێی ڕاپۆرتە ئەمنییەکان هێزە ئیسلامییەکان 27 ئەندامیان هەیە و لەوانە 480 کەسیان توندڕەو و مەترسیدارن و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە چاودێری دەکرێن.

Fly Erbil Advertisment