هاوپەیمانیی مەسیحی سکاڵایەکی لەبارەی کورسیی کۆتاکان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد

K24 - هەولێر
هاوپەیمانیی مەسیحی، سکاڵای یاسایی لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار دەکات، سەبارەت بە مافی مەسیحییەکانی ئەرمەن، ئاشوور، سریانی و کلدانی لە پەرلەمانی کوردستان.
هاوپەیمانێتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، بڵاوی کردووەتەوە، ئەوەی خستووەتە ڕوو، "دوای ئەوەی نوێنەرانی لایەنە هاوپەیمانەکانی نێو هاوپەیمانیی مەسیحی وەکالەتی یاسایییان بە پارێزەر ئەیاد کاکەیی بەخشی، ئەمڕۆ ناوبراو سکاڵایەکی یاسایی لە بەغدا لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار کرد، سەبارەت بە داواکاریی چەسپاندنی مافی مەسیحییەکانی ئەرمەن، ئاشوور، سریانی و کلدانی و کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، کە بە سیستەمی کۆتا بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەن."
ئەمە لە کاتێکدایە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان بڕیاریان داوە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە" بەشداریی پرۆسەکە نەکەن.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سکاڵایەکی لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد و داوای کرد فەرمانێکی بەپەلە "ئەمری وەلائی" دەربکرێت بە مەبەستی ڕاگرتنی بڕگەی تایبەت بە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگاکە لە بەرژەوەندیی مەسرور بارزانی بڕیاری دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕگەکەی ڕاگرت تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.
دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق؛ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە شێوەیەکی فەرمی تەواوی ڕێکارەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرتووە تا ئەو کاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.