سه‌ركار سورچی: ستیكه‌ری نوێی سه‌ر ده‌رمان هه‌موو زانیارییه‌ك له‌ ڕێگه‌ی مۆبایله‌وه‌ به‌ هاووڵاتییان ده‌دات

75
75

K24 - هەولێر:

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ده‌رمان هه‌ندێك جار له‌ چێشتخانه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه؛ ده‌شڵێت، له‌مه‌ودوا ده‌رمانخانه‌كان ناتوانن یاری به‌ نرخی ده‌رمان بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 13ـی ئایاری 2024) سه‌ركار سورچی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ هاووڵاتییان ده‌رمانی بێ ستیكه‌ر نه‌كڕن.

سه‌ركار سورچی ڕوونیشی كرده‌وه‌، پلانێكیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان ده‌رمان ته‌نیا له‌ ده‌رمانخانه‌كان بكڕن، له‌ كاتێكدا هه‌ندێك مادده‌ی خۆراكی هه‌بووه‌ و ده‌رمان له‌ پێكهاته‌كه‌ی هه‌بووه‌، له‌ ماركێته‌كان فرۆشراوه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، ده‌رمان هه‌ندێك جار له‌ چێشتخانه‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و زۆر شوێنیش له‌و باره‌یه‌وه‌ سزا دراوه‌.

ناوبراو گوتیشی، پێویسته‌ ده‌رمان ستیكه‌ری نوێی لێ درابێت كه‌ هاووڵاتی خۆی ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ی مۆبایلكه‌یه‌وه‌ زانیاری له‌ باره‌ی ده‌رمان وه‌ربگرێت.

ڕوونیشی كرده‌وه‌ ستیكه‌ره‌ نوێیه‌كه‌ چه‌ند سیفه‌تێكی هه‌یه‌ دیارترینیشیانی ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتی هه‌موو ورده‌كارییه‌ك له‌ باره‌ی ده‌رمانه‌كه‌ ده‌زانێت و له‌مه‌ودوا ده‌رمانخانه‌كان ناتوانن یاری به‌ نرخی ده‌رمان بكه‌ن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییان کرد خۆیان بە دوور بگرن "لە هەر دەرمان یان هەر پێداویستیەکی پزیشکی بێ ستیکەری کوالێتیی کۆنترۆڵ؛ خۆتان دڵنیا بکەنەوە لە بوونی ستیکەر و کۆدی کوالێتی کۆنترۆڵ".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەموو کۆمپانیا، کۆگە و دەرمانخانەکان لەبارەی ئەم پرسە ئاگادار کراونەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، "بەرژەوەندی و تەندروستیی هاووڵاتییان لە سەرووی هەمووانە؛ لە هەر شوێنێک دەرمان و پێداویستی پزیشکی بێ ستیکەر هەبێت، مامەڵەی تاوانی لەگەڵ دەکرێت و سزای توند دەدرێت".

وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوە کردووەتەوە، "دەرمان و پێداویستی پزیشکی بەبێ کوالێتی کۆنترۆڵ بە دەرمانی نایاسایی و قاچاغ دادەنرێت" بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەگەر هەر جۆرە دەرمان و پێدوایستییەکی پزیشکییان بینی بێ ستیکەرە، وەری نەگرن، مەیکڕن و هەواڵی تیمی چاودێری بدن بە پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی ژمارە مۆبایلی ڕاستەوخۆی کۆڕەک تیلیکۆم 07502356000 یان وەتسئەپی هەمان ژمارە.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان (KMCA) لە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گشت کۆمپانییەکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی، پزیشکی و کارگە ناوخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و بەرهەمی پزیشکی ئاگادار کردبووەوە،  ئەو بەرهەمە دەرمانسازی و پزیشکییانەی بێ ستیکەرن بگەڕێننەوە کۆگاکانیان.