چاودێران: کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی تەنها داوای چوارچێوەی هەماهەنگییە

K24 - هەولێر
حکوومەتى عێراق داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان كردووە، کۆتایی بە ئەرکى یۆنامى بهێندرێت. ئەمەش لە كاتێكدایە لە ماوەكانی ڕابردوودا عێراق هەنگاوی دیكەشی ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە کاری چەندین نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی.
دوای ھاوپەیمانان و ئەمەریكییەكان، ئەم جارە عێراقییەكان یەخەی یۆنامیان گرتووە كە دەبێت وڵاتەكە جێبھێڵێت. پێدەچێت ئەمە خواستی هەموو لایەن و پێكھاتەكانی عێراق نەبێت، بەڵکوو خواستی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگییە کە لایەنە شیعەکان لەخۆ دەگرێت.
ڕۆژی 8ی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەكی بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانى نارد و داوای کرد تاوەکو كۆتایی ساڵی 2025 کۆتایی بە ئەرکى یۆنامى لە عێراق بهێنرێت. داواشی لە ئەنجوومەنى ئاسایش کرد بڕیارێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى یۆنامى دەربکات لەسەر بنەماى ئەو وادەیەى بەغدا دیاری کردووە.
حکوومەتى عێراق داوا دەكات لەو ماوەیەدا ھەوڵەكانی یۆنامی تەنیا تەواوکردنى کارەکانى بێت لە دۆسییەکانى چاکسازى ئابوورى، خزمەتگوزارى، بووژاندنەوە و گۆڕانى ئاووهەوا.
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کە بە "یونامى" ناسراوە، لە ساڵى 2003وە لە عێراق کار دەکات. سەرۆکى نوێنەرایەتییەكە، نوێنەرى سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە. یونامی، نوێنەرایەتییەكی سیاسییه و به بڕیاری 1500ی ئهنجوومهنی ئاسایش لهسهر داوای عێراق دامهزراوه.
ئهركی یونامی لە عێراق بریتییە لە ھاندان بۆ گفتوگۆی سیاسی، لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان، هاوكاری پرۆسهی ههڵبژاردن، کردنی سهرژمێری نیشتمانی و پاراستنی مافهكانی مرۆڤ.
ئەم ھەنگاوەی حكوومەتی عێراق لە كاتێكدایە لە ماوەكانی ڕابردوودا هەنگاوی دیكەشی ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە کاری چەندین نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی، لەنێویاندا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و نێردەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش کە بە "یونیتاد" ناسراوە.