بە بڕیاری سەرۆکوەزیران سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخرێن

K24 - هەولێر

لە سەرتای كابینەی نۆیەمەوە بۆ ڕێگری کردن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوھەوا و زیانە تەندروستیەکانی پاڵاوگە نایاساییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە داخستی سەرجەم ئەو پاڵاوگانەی کە بەگوێرەی مەرج و رێنماییە یاساییەكانەوە كارناكەن.

لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی ھاووڵاتیان و پێداچونەوە بەو ھۆکارانەی کە ژینگەی ھەرێمی کوردستان پیس دەکەن لەم کابینەی نۆیەمدا و بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەزارتی پەیوەندیدارەکان ڕاسپێران بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو پاڵاوگانە دابخرێن کە نایاساین و بونەتە ھۆکاری پیسکردنی ژینگە و پێداچونەوە بە ڕێکارەکاندا بکرێت. لەم پێناوەشدا لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ ئەم مەبەستە دروستکران کە دەستە و وەزارتە  پەیوەندیدارەکان ئەندامبون تێیدا.

رەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی چاکكردن و پاراستنی ژینگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دواجار ڕێنماییەکمان دەرکرد، کە ڕێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2020، لە وەزارەتی سامانە سرووستییەکان دەرچووە، پێویستە هەموو ئەو پاڵاوگانەی کە هەن دەبێت خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێنماییانە بگونجێنن، لە ناو ئەو ڕێنماییانەشدا هەموو وەزارەتەکان ڕێنماییەکانی خۆیان داناوە، ئێمەش وەکو دەستەی ژینگە ڕێنمایی خۆمان داناوە، کە پێویستە هەر پڕۆژەیەکی نەوتی کار بکات یان ئەوانەی لەکاردان، پێویستە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی پێشکەش بکەن بەدەستەی ژینگە بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچیان نەهاتوون.

لیژنەی تایبەت مەند لە ھەموو پارێزگاکان دانران بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگانەی لە سنورەکانیان ھەن لە سنوری پارێزگای ھەولێر سەرجەم ئەو پاڵاوگانە داخران کە لە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر بوون، چونكە بەدەر لە زیانە ژینگەییەكان زیانی تەندروستیشیان ھەبوو.

نەبەز عبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە بە ڕێگریکردن و هەڵگرتنی هەموو ئەو پاڵاوگە نایاساییانە، بۆ ئەو مەبەستەش لیجنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ پێکهاتووە و کاری باشیشی کردووە، ئێمەش لەسنووری قەزای ناوەند بەڕێژەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووین لە هەڵگرتنی ئەو جۆرە پاڵاوگانە.

بەگوێرەی ڕێنمایەکان پێویستە سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان دابخرێ، ئەوانەشی کە مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە بە بڕیاری سەرۆکوەزیران پێویستە خۆیان لەگەڵ مەرجە تەندروستی و ژینگەیەکاندا بگونجێن ئەگەر نا لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت بە داخستیان یان سزای دارایی دەدرێن.

Fly Erbil Advertisment