ڕێبین ئەحمەد: ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر گەیشتووەتە سەدا 20

K24- هەولێر
بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر ڕایگەیاند، پێش ساڵی 2005، سنووری سەوزایی لە سەدا 3 بوو، بەڵام دوای ئەوەی چەندین پارک و پانتایی سەوزایی دروستکرا، ڕێژەی سەوزایی گەیشتووەتە سەدا 20.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر، بە کورستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر سەیری سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بکەین پێش ساڵی 2005، سنووری سەوزایی لە سەدا 3 بوو، بەڵام دوای ئەوەی چەندین پارک و پانتایی سەوزایی دروستکرا، وەکو پارکی سامی عەبدولڕەحمان، پارکی شانەدەرەکان 1 و 2 و 3، هەروەها پارکی گلکەند و پارکی پیشمەرگە، هەروەها نزیکەی 300 پارچە زەوی کراوە باخچە وەکو دارستان، ئەو ڕێژەیەش گەیشتووەتە سەدا 20.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەماوەی کابینەی نۆیەمدا، سەرەڕای ئەو هەمووە قەیرانەی هەبوو، وەکو قەیرانی دارایی و کۆرۆنا و وشکەساڵی و لافاو، توانیمان ڕێژەی سەوزایی لە سەدا 17.5 بگەیێنینە سەدا 20، هاوکات ئەوەش پێویستی بەبودجە هەیە،.
دەشڵێت: ئەگەر سەیر بکەین لەساڵی نەوەدەکان ژمارەی دانیشتووان لەسەدا 10 ئەو ژمارەیەی ئیستا بوو هەروەها ڕێژەی سەوزاییش لە سەدا 3 بوو بەڵام ژینگەکە پاکتر بوو، هەروەها ڕێژەی ئۆتۆمبێلیش بەراورد بەوکات بەدەیان هێندە زیادی کردووە.
ڕێبین ئەحمەد گوتیشی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان، پلانی زۆرباشی داناوە، وەکو دروستکردنی ئەو پۆند و بەنداوانە، کە کاریگەری دەبێت بۆ زیاد کردنی ڕێژەی شێ، دەتوانرێت لە داهاتوو ئەو ئاوە سوودی لێوەربگیرێت و بیهێننەوە ناو شار بۆ ئاودانی سەوزاییەکان، هەروەها دەتوانرێت لەدەوراو پشتی ئەو پۆند و بەنداوانە سەوزاییەکی زۆری لێدروست بکرێت.