دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ھەرێمی كوردستان کۆدەبێتەوە

دیمەنێکی هەولێر (وێنە: سەسەن مەلەکی - کوردستان24)
دیمەنێکی هەولێر (وێنە: سەسەن مەلەکی - کوردستان24)

K24 - هەولێر

دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ھەرێمی كوردستان، تاوتوێی دوایین ئامادەكارییەكانی سەرژمێریی گشتی دەكات.

 جووتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 14-05-2024، كۆبوونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت كە لە كۆمەڵێك وەزارەت و فەرمانگەی پەیوەندیدار و پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆكان پێكدێت.

ئامانج لە كۆبوونەوەكە، وەکو ئەوەی جووتیار عادل گوتی، "تاوتوێكردنی ئامادەكارییەكانە لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرژمێریی گشتیی عێراق".

بڕیارە لە 20ی 11ـی ئەمساڵ، لە دوای 27 ساڵ پرۆسەی سەرژمێری بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام بدرێت، زیاتر لە 120 هەزار مامۆستا و کادری پەروەردەیی پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن.

Fly Erbil Advertisment