سەرۆکی ئەنجوومەنی پارتی کلدانی: چاوەڕوانین دادگای فیدراڵی پیشەییانە بڕیار بدات

K24 - هەولێر
جەنان جەبار بویا حسێنی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارتی کلدانی دەڵێ: لە دوای تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق چاوەڕوانین دادگاکە پیشەییانە بڕیار بدات و کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بگەڕێنێتەوە، نەبێتە بەشێک لە تێکدانی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
جەنان حسێنی گوتیشی: ئێمە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کریستیانەکان، هاوپەیمانی مەسیحیمان لە هەرێمی کوردستان پێکهێناوە و دەرگای هاوپەیمانییەکەش کراوەیە بۆ هەر پارت و لایەنێک بییەوێت بەشدار بێت، ئامانجمان لە هاوپەیمانییەکە یەکخستنی دەنگی مەسیحییەکانە بۆ گەڕاندنەوە کورسی کۆتا و داکۆکیکردن لە مافەکانمان.
سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سەرۆکی پارتی ئەنجوومەنی کلدانی ڕایگەیاند، سکاڵاکەیان لە دژی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تۆمارکردووە کە بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێشێلی دەستووری کردووە و دەبێت ئەو کورسیانە بۆ پێکهاتەکان بگەڕێندرێتەوە. گوتیشی: ناکرێت یاسای هەڵبژاردن لە ئاستی ماف و کورسی پێکهاتە نەتەوەکان دووفاق بێت و لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کورسی کۆتا هەبێت، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمان نەبێت، بۆیە ئەمە جێگەی پرسیاربوو، سکاڵامان تۆمارکرد و چاوەڕوانین دادگای فیدراڵی عێراق پیشەییانە بڕیار بدات و کورسی کۆتاکان بۆ پێکهاتەکان بگەڕێنێتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند، ئەگەر بێت و کریستیانەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان نەبێت، بەدڵنیاییەوە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، چونکە کریستیانەکانیش وەک تەواوی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان خەباتیان کردووە بۆ وڵات بگەییەنە کەنارێکی ئارام، هەربۆیە بە مافی خۆیان دەزانن لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت تاوەکوو لە دامەزراوەکانی دەرکردنی یاسای داکۆکی لە مافەکانیان بکەن.
جەنان جەبار بویا حسێنی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارتی کلدانی گوتیشی: هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان تەنیا بیانووێک بوو، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێت، ئەگەرنا ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن نوێنەری پێکهاتەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان نییە، ئەمە قسەیەکی هەڵبەستراوە و مەرامیانە ئەو تەبایی و پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەباری ببەن.