ئەنتۆنی بلینکن: هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بەڕێوەیە

K24 - هەولێر
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕێگادایە بۆ ئۆکرانیا و جیاوازییەکی ڕاستەقینەش دروست دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، سەردانی ئۆکرانیای کرد، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەیاندا بە سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی گوت: "ئێستا یارمەتیەکانی ئەمەریکا لە ڕێگادایە و جیاوازییەکی ڕاستەقینە لە بەرانبەر هێرشەکانی ڕووسیا دروست دەکات".
لای خۆیەوە زێلێنسکی ستایشی هاوکارییە گرنگەکانی ئەمەریکای کرد، و ئاماژەی بەوەدا، گەورەترین کورتهێنان کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە بەرگرییە ئاسمانییەکاندایە، هەروەها بلینکن ئاگاداری کردەوە کە ئۆکرانیا پێویستی بە دوو پاتری بەرگری ئاسمانی هەیە بۆ شاری خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی ڕووسیا دەبێتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 14-5-2024، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، بە ئامانجی دڵنیاکردنەوەی ئۆکرانییەکان سەبارەت بە بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتەکەیان و دابینکردنی چەک.
لەدوای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا، ئەنتۆنی بلینکن چوارەم جارە سەردانی کیێڤ دەکات، هەروەها بە شەمەندەفەرێک گەیشتە ئۆکرانیا کە لە پۆڵۆنداوە هاتبوو.
ئەم سەردانە ڕانەگەیەندراوە دوای چەند هەفتەیەک دێت کە کۆنگرێسی ئەمەریکا دوای دواکەوتنێکی زۆر، پاکێجێکی هاوکاری گەورەی بۆ ئۆکرانیا بە بەهای 61 ملیار دۆلار پەسەند کرد.
لە سەرەتایی شەرەوە ئەمەریکا نزیکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی بە ئۆکرانیا داوە.