سه‌در داوای "نوێژی هه‌ینیی یه‌كگرتوو" له شیعه و سوننه ده‌كات

K24- هەولێر:
سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در بۆ پشتگیریی له پشووی "جه‌ژنی غه‌دیر" و سه‌رخستنی ئایین، مه‌زهه‌ب، بیروباوه‌ڕ و لایه‌نگرانی میانڕه‌و داوای نوێژێكی "یه‌كگرتوو" ده‌كات.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 14ـی ئایاری 2024) موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له په‌یامێكدا داوای "نوێژی هەینیی یەکگرتوو"ـی کرد بۆ پشتیوانیی لە "جەژنی غەدیر" و بڕیاری گه‌لی عێراقی و زۆرینه‌ی میانڕه‌وی نیشتمانی به گشت پێكهاته‌كانییه‌وه.
سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه كردووه بڕیاریان داوه هه‌ینی داهاتوو بكرێته هه‌ینی یه‌كگرتوویی له هه‌موو پارێزگاكانی عێراق بۆ سه‌رخستنی ئایین، مه‌زهه‌ب، بیروباوه‌ڕ و خۆشه‌ویستان و لایه‌نگرانی میانڕه‌وی هه‌ر دوو مه‌زهه‌بی شیعه و سوننه و چه‌وساوه‌كان.
ڕۆژی (شه‌ممه 16ـی ئاداری 2024) موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ستایشی بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یانی كرد كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، گوێڕایه‌ڵ و پابه‌ندی "فاتیمه‌ی زه‌هرا – دروودی خوای له‌سه‌ر بێت"، بوون و ئه‌وانه‌شی به‌رگریان له قورئان كرد و پشتیوانیی چاكسازیی بوون و دژی بێدینی و هاوڕه‌گه‌زخوازی وه‌ستانه‌وه.
سه‌در له به‌شێكی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند بوو، بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان باشترین و نموونه‌ییه، به‌تایبه‌تی كه ته‌واو گوێڕایه‌ڵی فه‌رمان و ڕاسپارده‌كانی بوونه.
سه‌رۆكی ڕه‌وتی باسی له‌وه‌ش كردبوو كه نابێت بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان پشتگوێ بخرێن، به‌ڵكوو ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت زیاتر خزمه‌ت بكرێت نه‌خاسمه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی، فەرهەنگ و زانستییەوە و پەیوەندییان لەگەڵدا به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌ها جومگه‌كانی ڕه‌وته‌كه‌ی ئاراسته كرد بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان. هه‌روه‌ها گوتبووی، هه‌ر كه‌س بنكه‌ی جه‌ماوه‌رییان پشتگوێ بخات و بایەخیان پێ نه‌دا سزای ده‌ده‌ن.
سه‌در سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا بوو، بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان جێی ڕێزه و دوای كشانه‌وه‌ی ڕه‌وته‌كه‌یان له په‌رله‌مان ئارامی گرت و سه‌لماندی دڵسۆزی ڕه‌وته‌كه‌یانن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دوژمن گره‌وی له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌ییان ده‌كرد. گوتبووشی، كشانه‌وه‌یان له په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه بووه پشتگیریی له گه‌نده‌ڵكاران و خراپه‌كاران نه‌كه‌ن.
ڕۆژی 29ـی ئابی 2022 ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند، "دەستبەرداربوونی خۆم لە کاری سیاسی ڕادەگەیەنم". ئاماژەی بەوەش دا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.
موقتەدا سەدر لە 13ـی تشرینی دووەمی 2023، لە پەیامێکدا، داوای لە لایەنگرانی کرد بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن و ئاماژەی بەوە کرد، "بەشدارینەکردنتان لە شەرعییەتی هەڵبژاردنەکە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کەم دەکاتەوە".
