باسی ڕۆژ دۆخی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تاوتوێ دەکات
K24 - هەولێر:
نوێنەرانی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێم ڕایانگەیاند، پەڵکانە بووەتە سەربازگە و عەرەبە هاوردەکان داوای زەوییەکانی کورد دەکەن. ئاماژەیان بەوەش دا، بڕیارەکانی بەعس دژی جووتیاران کورد جێبەجێ دەکرێن و هەوڵەکانی تەعریبکردن بەردەوامە.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی پەڵکانە، دەشتی خدر، خاوەنی زەوی و زار و محەممەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی گابەرەکە، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، باسی دۆخی جووتیارانی کوردیان لە گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کرد.
لە دەستپێکدا محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی پەلکانە رایگەیاند، گوندی پەڵکانە بووەتە سەربازگە و سوپای عێراق ڕێگری لە دروێنەی جووتیارانی کورد دەکات، هەروەها هەموو عەرەبە هاوردەکان داوای زەوییەکانی کورد دەکەن.
نوێنەری جووتیارانی پەلکانە ئاماژەی بەوە دا، سوپا پابەندی بڕیارەکانی سوودانی نابێت، هەروەها پێدانی زەوی بە عەرەبی هاوردە هێڵی سوورە، لەکاتێکدا سەرجەمیان قەرەبووی ماددەی 140ـیان وەرگرتووە.
باسی لەوەش کرد، دەبێت حکوومەتی عێراق پابەندی بڕیارەکانی بێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش دژی جووتیاران ڕەت دەکەینەوە، هاوکات گوتی: کورد زۆرینەی کەرکووکە.
لەلایەکی دیکەوە، دەشتی خدر، خاوەنی زەوی و زار، گوتی: پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەستی لە کێشەی جووتیارانی کورد هەیە، هەروەها بڕیارەکانی بەعس دژی جووتیاران کورد لە ناوچەکان جێبەجێ دەکرێن.
دەشتی خدر، گوتی: هەوڵی بەفیڕۆدانی بەرهەمی جووتیارانی کورد دەدرێت، لە کاتێکدا هەموو عەرەبە هاوردەکان قەرەبوو کراونەتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، بڕیارەکانی دادگای کەرکووک سیاسین.
لای خۆیەوە، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی گابەرەکە، دەڵێت: لە ڕووی مێژوویی و جوگرافی ئەو ناوچانەی کە سوپای عێراقیان تێدایە، ڕێگریی لە جووتیارانی کورد دەکەن، هاوکات ناوچەکان کوردین و لە ساڵی 1938 ـەوە خاوەندارییەتی زەوییەکان بەناوی کوردە، بەڵام حکوومەتی عێراق گوێ لە جووتیارانی کورد ناگرێت.
نوێنەری جووتیارانی گابەرەکە گوتی: هەوڵەکانی تەعریب لە کەرکووک بەردەوامە، چاوەڕێین دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێنێتەوە، هەروەها لە دوای 16 ـی ئۆکتۆبەرەوە کێشە بۆ جووتیاران دروست دەکرێت.
لە دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و رۆژانی دوای ساڵی 2017 ھاووڵاتییان و جووتیارانی ناوچەکە جارێكی دیكە رووبەڕووی سیاسەتی تەعریب بوونەتەوە، ئەمە جگە لە مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە بوونی ھێزە عێراقیییەکان و حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دیکە، گرفتێکی دیکەی ناوچەکەیە.
ناحیەی سەرگەڕان لە 42 گوند پێک ھاتووە تەنھا 2 گوند عەرەب نشینن 40 گوندەکەی دیکە کوردن، بەڵام تەعریبی بەردەوام دیموگرافیای ناوچەکەی گۆڕیوە.