شاندی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

K24 – هەولێر:
شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا.
ئێوەرەێ ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی ئایاری 2024)، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، مەبەست لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەمواریی خشتەکانی یاسای بودجە و چارەکردنی ئەو گرفت و ئاستەنگانەی لە کاتی هەمواریی یاساکە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، بودجەی ساڵی 2024 عێراق 228 ترلیۆن دینارە، بەڵام ڕێژەی کورتهێنان بەراورد بە ساڵی رابردوو گەشتووەتە ئاستێکی بەرز و بەزیاتر لە 80 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، زیاتر لە 100 ترلیۆن دیناری بودجەش بۆ مووچەی فەرمانبەران دانراوە، پەرلەمان چاوەڕێی ناردنی خشتەی بودجەیە.
پشکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی ئەو پارێزگایانەی ڕێژەی هەژاری لە ئاستێکی بەرزدا و کێشەی خزمەتگوزاریان هەیە، ناکۆکی لەنێوان فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دروستکردووە و رازی نین لەو بودجەی کە بۆ پارێزگاکانیان تەرخانکراوە.