هیمداد سه‌باح: دەسبەرداری مافەکانمان نابین

هیمداد سه‌باح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
هیمداد سه‌باح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵی بۆ مەبەستی دروستکردنی فشارێکی سیاسیی لەسەر هەرێمی کوردستان کورسیی پێکهاتەکانی کردە بیانوو.

هیمداد سه‌باح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەرهەق بە کورسیی پێکهاتەکان زۆر کاریگەریی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان  لە هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات واز لە مافەکانی خۆمان ناهێنین.

ئاماژەی بەوەدا، دادگای فیدراڵی بۆ مەبەستی دروستکردنی فشارێکی سیاسی لەسەر هەرێمی کوردستان کورسیی پێکهاتەکانی کرد بە بیانوو. هەروەها پێشوازیی لەو سکاڵایەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین کە لە دادگای فیدراڵی تۆماری کرد.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: پێویستە هەموو لایەنەکان هەرێمی کوردستان یەک دەنگ بن و داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان بکەن. جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتان بەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە سەرسامن.

ڕۆژی (30ـی نیسانی 2024) ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، "گەشبینین دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بگەڕێندرێتەوە، چونکە لەو کۆبوونەوانەی لە بەغدا کراون، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ پێکهاتەکان دەربڕیوە".

ئایدن مەعروف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردبوو، "بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان ناده‌ستوورییه‌ و دژی فه‌رهه‌نگی پێکەوەژیانە". گوتیشی، "بوونی پێكهاته‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و نوێنه‌رایه‌تییان له‌ په‌رله‌مان گرنگه‌ و پێویسته‌ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت".

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

Fly Erbil Advertisment