زێلێنسکی سەردانەکەی بۆ ئیسپانیا و پورتوگال هەڵوەشاندەوە

K24 - هەولێر
ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانەکەی بۆ ئیسپانیا و پورتوگال هەڵوەشاندەوە، ئەویش بەهۆی بەردەوامی پێشڕەوی سوپای ڕووسیا.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئیسپانیا و پورتوگال ئاماژەیان بەوە کرد، بارودۆخی ئێستای سەختی ئۆکرانیا بە تایبەتی لە ناوچەی خارکۆڤ، سەختە وسەردانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ دەرەوەی وڵات لە ئێستە نەشیاوە.
پێشتر میدیاکانی ئیسپانیا هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی زێلێنسکییان بۆ ئیسپانیا ڕاگەیاندبوو، کە بڕیاربوو ئەم هەینییە ئەنجامی بدات. تێیدا چاوەڕوان دەکرا زێلێنسکی و پێدرۆ سانچێزی، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ڕێککەوتنێک لەسەر گەرەنتیی ئەمنی نێوان کیێڤ و مەدرید ئیمزا بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند ڕۆژێکە سوپای ڕووسیا بە بەردەوامی لە پارێزگای خارکۆڤ پێشڕەوی دەکات و لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، کۆنتڕۆڵکردنی گوندەکانی بۆریسۆڤکا، ئۆگورتسۆڤۆ، پلێتنێڤکا، بێلنایا، سترێلیسیا و بۆگرۆڤاتکای ڕاگەیاند.