ژمارەی ئاوارەکان لە جیهان ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە

شەڕ لە غەززە بەردەوامە و رۆژانە خەڵک ئاوارە دەبێت (وێنە: AFP)
شەڕ لە غەززە بەردەوامە و رۆژانە خەڵک ئاوارە دەبێت (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

ساڵی 2023 ژمارەی ئاوارەکان لە جیهان ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی 76 ملیۆن کەس. هۆی سەرەکی ئاوارەبوون لە جیهان، شەڕ و توندوتیژییەوە.

ململانێ و قەیران و کارەساتەکان لە جیهان بە تایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوو بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەی ئاوارەکان بگاتە ئاستێکی پێوانەیی، وێرانکارییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕێگریشە لەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی چاودێریکردنی ئاوارەکان، تا کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی ئاوارەکان لە جیهان گەیشتووەتە 75 ملیۆن و 900 هەزار کەس، هەروەها لە پێنج ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئاوارەکان ٪50 زیادی کردووە.

راپۆرتەکە دەریدەخات تەنیا بەهۆی شەڕ و توندوتیژی 68 ملیۆن و 300 هەزار کەس ئاوارەبوونە، بەشێوەیەک تەنیا لە پێنج ساڵی رابردوو 22 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەهۆیەوە ئاوارە بوونە و زۆرترین رێژە لە ساڵەکانی 2022 و 2023 بووە. هەروەها حەوت ملیۆن و 700 هەزار کەس بەهۆی کارەساتی سروشتی ئاوارە بوونە.

نزیکەی 26 ملیۆن و 400 هەزار حاڵەتی ئاوارەبوون بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە تۆمارکراون و چین و تورکیا سێیەکی ئەو ژمارەیە پێکدەهێنن.

لەرووی زۆری ژمارەی ئاوارەکان لە 2023 سوودان لە پلەی یەکەمدایە و نزیکەی نۆ ملیۆن و 100 هەزار کەس ئاوارە بوونە و لەو ژمارەیە نزیکەی شەش ملیۆن کەس بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوونە.

هەروەها لە کەرتی غەززە نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار کەس بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس ئاوارە بوونە، تەنیا سوودان و کۆماری کۆنگۆ و کەرتی غەززە دوو لەسەر سێی ئاوارەکانی جیهان لەخۆدەگرن.

هەروەها بەگوێرەی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 630 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستانن.