لە سەرەتای ئەمساڵەوە 40 حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراوە و ژمارەیەکیان مردوون

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 40 حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراوە، کە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە، هاوکات تیمەکانی بەشی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵیش بەردەوامن لە چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، زەینەب ڕەحیم حوسێن بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕایگەیاند، لە 15ـی نیسانەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ هەڵمەتێکی بێبەرانبەری بۆ ڕشاندن و لەناوبردنی ڤایرۆسەکە دەستپێکردووە، کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت و دەتوانرێت هەڵمەتەکە لە بەغداوە درێژبکرێتەوە و بۆ پارێزگاکانی دیکە، بە بەشداری 246 تیمی ڤێتێرنەری.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکان بەردەوامن لە هەڵمەتەکانی ڕشاندنی شوێنی ئاژەڵان بە ماددەی "دەڵتا مسرین"، بە ئامانجی نەهێشتنی "گەنە" کە هەڵگری سەرەکی نەخۆشییەکەیە، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی دوورگە هەڕەمەکییەکان و کەمکردنەوەی سەرپێچیەکان.
ئەو بەرپرسەی ڤێتەرنەری دەشڵێت: ژمارەی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون گەیشتووەتە 40 حاڵەت، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی مردن هەیە، هەروەها پارێزگاری زیقار لە پێشەنگی ژمارەی تووشبوواندایە بە 15 حاڵەتی توشبوو، کە دوو حاڵەتی مردن لەنێویاندا بووە، لە کاتێکدا نەینەوا شەش حاڵەت و مردنێکی هەبووە، بابلیش چوار حاڵەتی هەبووە و یەک حاڵەتی مردنی تێدابووە، لەکاتێکدا ژمارەی تووشبووان لە بەغدا گەیشتە شەش حاڵەت و کەسێکیش بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە مردووە.
تای خوێنبەربوون یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان، پارساڵیش زیاتر لە 500 حاڵەتی توشبوون بەو نەخۆشیە هەبووە لە عێراق.