موفیدە یونس: فەرمانبەران لەڕێگەی فەرمانگەکانیان فۆڕمی دابەشکردنی زەوی پڕدەکەنەوە

K24 - هەولێر
ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دابەشکردنی زەوی ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە خزمەتییان لە هەشت ساڵ زیاترە و سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024، موفیدە یونس، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کە لە بواری مەدەنی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەگرێتەوە.
بەگوتەی ئەو ڕاوێژکارە، "ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتییان لە هەشت ساڵ زیاترە و سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی، خانوو، شوقە لە ڕابردوودا لە حکوومەت دەیانگرێتەوە".
ئەو ڕاوێژکارە گوتیشی: "دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە لەڕێگەی فۆڕمەوە دەبێت، فەرمانبەران لەڕێگەی فەرمانگەکانی خۆیانەوە فۆڕمەکە پڕدەکەنەوە. تێیدا زانیاری لەسەر خزمەت و باری کەسێتی ئەو فەرمانبەرە و ژمارەی ئەندامانی خێزان لەوێ دیاری دەکرێت".
موفیدە یونس دەشڵێت: "بەپێی ئەو فۆرمەی کە پڕدەکرێتەوە، خاڵ بەندییەکانەیش دیاری کراوە لە ڕێنماییەکدا، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەپێی تیروپشک دەبێت، لەسنووری هەر شارەوانییەک، لیجنە پێکدەهێنرێت لە شارەوانییەکان و نوێنەری فەرمانگەکانی پەیوەنددار، لە پڕۆسەیەکی شەفافدا پڕۆسەی دابەشکردنەکە ئەنجام دەدرێت".
سەبارەت بە هەنگاوەکان ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: ڕێنماییەکانمان دوێنێ لە ڕۆژنامەی واقایەی کوردستان بڵاو کردەوە ک بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردن. سەبارەت بە ڕێنماییەکانی دیکە، نووسراو گشتاندن بۆ سەرجەم شارەوانییەکان کراوە، کە زەوی ئامادە بکەن و لەسەر نەخشە ڕووبەرەکانیان دیاری بکەن.
موفیدە یونس ڕاشیگەیاند، "لەم دوو ڕۆژەی داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە دووبارە لەگەڵ شارەوانییەکان دەکرێت، داتای پێویست وەردەگیرێت لەسەر ژمارەی فەرمانبەران".
ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.