شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەمجارە چارەی ڕیشەیی بۆ کێشەی جووتیارانی پەڵکانە دەکرێت

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمجارە هەنگاوی کردەیی بۆ کێشەی جووتیارانی پەڵکانە، و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی "سەرکردایەتیی شۆرش سەردەمی ڕژێمی بەعس" گیراوەتەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئامادە بوونمان دووپاتکردنەوەیە لەسەر چارەی کێشەکان، گوتیشی، "دوێنێ پەیوەندیم بە سەرۆکی عەشیرەتی شەمەر کرد و لە نزیکەوە سەردانی پەڵکانەشم کردووە".

 جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: "جەختم لەوە کردووەتەوە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک، هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کەرکووک، بەشێوەیەکی ڕیشەیی کێشەکان چارە بکەن". دیسان دووپاتی دەکەمەوە "نەک لەبەر ئەوەی ئێوە مافەکانتان زامن کراوە و قەرەبوو بکرێنەوە، نەخێر. ئەمجارە هەنگاوی کردەیی لە دەسەڵاتی یاسادانان و لە حکوومەتیش بۆ چارەکردنی کێشەکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی "سەرکردایەتیی شۆرش سەردەمی ڕژێمی بەعس" گیراوەتەبەر.

شاخەوان عەبدوڵلا دەشڵێت: "خوێندنەوەی یەکەم کراوە بۆ  چارەکردنی کێشەکان لە هەر حاڵەتێکدا، ئێمە وەکو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەگەڵ ئەوەداین کێشەی هەموو لایەنەکان چارە بکرێن، چونکە هەیە پشێوی فیتنە دروست دەکات لە ناوچەکە ناتوانین چارەی بکەین، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە چارەکە لەدەستی ئێمەدایە وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران وەکو شێخەکان، توانای ئەوەمان هەیە کێشەکان چارە بکەین".

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی گوت، "دەمانەوێت گوێبیستی ئەوەبین کە ئێوە داوای دەکەن لە ئێمە، هەر بۆیە وەکو سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران،  ئەمڕۆ چارەی ڕیشەیی کێشەکان دەکەین".

ڕاشیگەیاند، "ڕێگریی لە جووتیاران، چارەی کێشەکان ناکات و چارەیش لای ئەوان نییە، هەروەها لەلای سەرکردایەتی ئەمنییش نییە، بەڵکو لای دەوڵەت و لای ئێمەیە. ئێمەش بەرپرسیارێتی دەگرینە ئەستۆ بۆ چارەی کێشەکانی ناوچەکە".