مەسرور بارزانی بۆ باڵیۆزی ڤاتیکان: پابەندین بە پاراستنی مافی پێكهاتەکان

K24 - هەولێر
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەکان دووپات دەکاتەوە. جەختیش لە پەرەپێدانی فەرهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد، كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتایهاتنی ئەركەکەی سەردانی كردبوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ڤاتیكان سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ باڵیۆزخانە و هاریکاریکردنی لە پێناو سەرخستنی ئەرکەکەی.
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "باڵیۆزی ڤاتیکان ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە پاراستن و داکۆکیی لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و بەتایبەتی کریستیانەکانی هەرێم بەرز نرخاند".
لەلایەن خۆیەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە پەرەپێدانی فەرهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان کردەوە و پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە پاراستنی مافی پێكهاتەکان دووپات کردەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.