موخەلەد حازم: لە عێراق بەشێک لە چەکە بێ مۆڵەتەکان دژی حکوومەت بەکار دەهێندرێن

K24 – هەولێر:
شارەزایەکی ئەمنیی، ئاماژە بەوە دەکات، لە عێراق چەکی قورس و مامناوەند بەدەست هۆزەکانەوەیە، هاوکات چەکە بێ مۆڵەتەکان لە دژی حکوومەت بەکار دەهێندرێنەوە.
موخەلەد حازم، شارەزای ئەمنیی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: دۆسییەی چەکی بێ مۆڵەت یەکێکە لە دۆسییە ئاڵۆزەکان، حکوومەتی عێراقی ماوەیەکی دەیەوێت تا بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە بێتەوە، بەشی زۆری ئەم چەکانە لە سەربازگەکانەوە دزراون.
هاوکات دەڵێت: هەندێک لایەن هەیە کار لەسەر بەقاچاغبردنی چەک دەکەن، لە دەرەوەی عێراق بۆ نێو عێراق، بەشێکی چەکەکان بە دەست هۆزەکانەوەن، زۆر جاریش چەکەکان لەبەرامبەر خودی دەوڵەتی عێراق بەکار دەهێندرێنەوە.
ئەو شارەزا ئەمنییە باسی لەوە کرد، ئەوەی چەکی مامناوەند و قورسی هەیە وای دادەنێت چەکەکە بەشێکە لە هێزی هۆزەکەی، لەبەرانبەر هۆزی دیکە.
موخەلەد حازم، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە فشار بکات و سزای توند دەربکەن بۆ ئەو کەسانەی کە چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەکاری دەهێنن، لە هەمان کاتیشدا گرووپی چەکدار هەن لە عێراق و لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان.