حوسێن مەردان: ئەو ناوچانەی لە کەرکووک کێشەیان لەسەرە پەیوەندییان بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشەوە هەیە
K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی لێژنەی کشتووکاڵی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دەکات، بەشێک لەو ناوچانەی لە کەرکووک کێشەیان لەسەرە پەیوەندییان بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعسەوە هەیە و پێویستە هەمواربکرێنەوە.
حوسێن مەردان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتووکاڵی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، وەکوو لێژنەی کشتووکاڵ لە سەردانەکەمان بۆ پەڵکانە جەختمان لەوە کردەوە، بە شێک لەو ناوچانەی کێشەیان لەسەرە پەیوەندییان بە نۆ بڕیاری ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕشەوە هەیە، ئەم بڕیارانەش پێویستییان بە هەموارە و پێویستە لە لایەن لیژنەی بەرگری و لیژنەی کشتوکاڵەوە هەموار بکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستپێشخەریی کردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگدا کێشەکە چارە بکریت.
هێمن دهلۆ پهیامنێری كوردستان24 له كهركووك ڕایگهیاند، دوای سەردانی شاندی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ پەڵکانە، ئێستا عەرەبە هاوردەکان خیوەتەکانیان هەڵگرت و جوتیارانی کوردیش دەستیان بە دروێنەی بەرووبوومەکانیان کرد.
ماوەی دوو هەفتەیە بە فشاری عەرەبە هاوردەکان سوپای عێراق دروێنەکردنی لە جووتیارانی کورد لەسنووری گوندەکانی سەرگەڕان و پردێ قەدەغە کرابوو و هەوڵەکان بەئاراستەی داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد بوو لەسنوورەکە.