دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک تۆمارکرا

کەرکووک
کەرکووک

بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک ڕایگەیاند، دوای پشکنینی دوونەخۆش کە خەڵکی قەزای حەویجەن، ، دەرکەوت هەردووکیان تووشی تای خوێنبەربوون بوونە.

سامان یابە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای پشکنینی دوو نەخۆش کە خەڵکی قەزای حەویجەن و لە ڕەگەزی نێرن، دەرکەوت هەردووکیان تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوونە.

سامان یابە گوتیشی: هەردوو توشبووەکە لە نەخۆشخانەی کەرکووک لە ژێرچاودێریدان و باری تەندروستیان جێگیرە.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 40 حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراوە، کە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە، هاوکات تیمەکانی بەشی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵیش بەردەوامن لە چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

لەو بارەشەوە بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، زەینەب ڕەحیم حوسێن بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕایگەیاند، لە 15ـی  نیسانەوە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەڵمەتێکی بێبەرانبەری بۆ ڕشاندن و لەناوبردنی ڤایرۆسەکە دەستپێکردووە، کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت و هەڵمەتەکەش لە بەغداوە درێژدەبێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە و 246 تیمی ڤێتێرنەری بەشدارن لە پڕۆسەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکان بەردەوامن لە هەڵمەتەکانی ڕشاندنی شوێنی ئاژەڵان بە ماددەی "دەڵتا مسرین"، بە ئامانجی نەهێشتنی "گەنە" کە هەڵگری سەرەکی نەخۆشییەکەیە، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی دوورگە هەڕەمەکییەکان و کەمکردنەوەی سەرپێچیەکان.

ئەو بەرپرسەی ڤێتەرنەری دەشڵێت: ژمارەی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون گەیشتووەتە 40 حاڵەت، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی مردن هەیە، هەروەها پارێزگاری زیقار لە پێشەنگی ژمارەی تووشبوواندایە بە 15 حاڵەتی توشبوو، کە دوو حاڵەتی مردن لەنێویاندا بووە، لە کاتێکدا نەینەوا شەش حاڵەت و مردنێکی هەبووە، بابلیش چوار حاڵەتی هەبووە و یەک حاڵەتی مردنی تێدابووە، لەکاتێکدا ژمارەی تووشبووان لە بەغدا گەیشتە شەش حاڵەت و کەسێکیش بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە مردووە.

Fly Erbil Advertisment