شرۆڤەکارێکی سیاسی: کێشەی یاسایی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایدەگەیێنێت، هیچ کێشەیەک لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە، تەنیا کیشەی یاسایی هەیە ئەویش دەبێت چارەسەر بکرێت.
د. سامان شاڵی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیچ کێشەیەک لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە، تەنیا کێشەی یاسایی هەیە، ئەو کێشە یاساییەش ئەوەیە، دەبێت بودجە هەومار بکرێتەوە، چونکە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری زۆری تێچووەکەش پەیوەندی بە هەڵکەوتەی جوگرافیاوە هەیە چونکە ناوچەیەکی شاخاوییە دەهێنانی ئاسان نییە، وەکو ئەوەی لە عێراق دەردەهێنرێت، لەبەر ئەوە ئەبێت یەکەمجار ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
باسی لەوەشکرد، ئەو گرێبەستانەی حکوومەتی عێراق لە بواری مۆڵەتپێدانی کێلگەکانی نەوت کردی، کە لە کۆی 29 کێڵگەی نەوت، 14 کێڵگە گرێبەستەکانیان کراوە، لەو 14 کێڵگەیەش 3 کێڵگە کورد وەری گرتووە، ئەوانی دیکە کۆمپانیا چینییەکان وەریان گرتووە. هەروەها لەو گرێبەستانەش هیچ کۆمپانیایەکی ئەوروپی یان ئەمەریکی بەشدار نییە لەو مۆڵەتپێدانانە.
سامان شاڵی دەشڵێت: بۆیە وا لە ئەمەریکا دەکات زیاتر گرنگی بە وزە بدات و دەیەوێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، هەروەها ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە لە هەناردەکردنەوەی نەوت چونکە کۆمپانیاکانیش ئامادەن، لەبەرئەوە کێشەی هەموارکردنەوەی تێچووی دەرهێنانی نەوت و ئەوقەرزانە هەیە کە زیاتر لە ملیارێک دۆلاری کۆمپانیاکانە، ئایا کێ ئەیداتەوە.
له 25ی ئاداری 2023ـەوە، ههناردەی نهوتی ههرێمی كوردستان له ڕێگهی بهندهری جهیهانی توركیا ڕاگیراوە. بهغدا، ههولێر و ئهنقهره خهریكی دانووستانن بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕی وزەی جیهاندا.