ئەحمەد تورک بە 10 ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ بە زیاتر لە 32 ساڵ زیندان سزا دران

ئەحمەد تورک
ئەحمەد تورک

دادگای ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ، ئەحمەد تورکی بە 10 ساڵ زیندان سزا دا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-05-2024، لە کۆتا دانیشتنی یاسایی دۆسیەی کۆبانێ؛ دادگای ئەنقەرە ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانی مێردینی بە 10 ساڵ زیندان سزا دا.

هەر لە چوارچێوەی دۆسیەکەدا، فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بە 32 ساڵ و نۆ مانگ زیندانی سزا درا. ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئایهان بیلگەن، سەرۆکی شارەوانیی پێشووی قەرس بێ تاوان دەرچوون.

لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، ئەحمەد تورک کاندیدی یەکەمی دەم پارتی بوو، بۆ گەورە شارەوانیی مێردین؛ توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆکی شارەوانییەکە.

ناوبراو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2014 و 2019 بە سەرۆکی گەورە شارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا، بەڵام هەردوو جاریش قەییوم لەشوێنی دانرا.

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد، لە ساڵی 1942 لە شاری مێردینی باکووری کوردستان لە دایک بووە. لە ماوەی ساڵانی 1973 بۆ 2011 شەش خول بووەتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا. بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە زیاتر لە سێ ساڵ بەندکراوە.

ئەحمەد تورک لە ساڵی 1990 پارتی رەنجی گەلان (هەپ)ی دامەزراند و ئەندامی دامەزرێنەری هەر یەکە لە  پارتی کۆمەڵگەی دیموکراسی (دەتەپە)،  بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراسی (دەهەپە)، پارتی دیموکرات (دەپە)، پارتی دیموکراتی گەل (هادەپ)،  پارتی گەلی دیموکرات (دێهاپ)ـە.

Fly Erbil Advertisment