سەرۆکوەزیران: ئەمەریکا بەڵێنی داوە پشتیوانیی پێشخستنی کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمەریکا بەڵێنی داوە پشتیوانیی پێشخستنی کەرتی وزەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان داوە و بۆ ئەوەی هەنگاوی باشتر بنرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024، لەگەڵ جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە و دواتر سەردانی وێستگەی کارەبای ماس گڵۆبەڵ لە شارەدێی پیرداود و وێستگەی خۆرمەڵەیان کرد کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای کار گرووپ و ماس کاریان تێدا دەکرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران وێڕای بەخێرهاتنی بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و باڵیۆزی ئەمەریکا و شاندی یاوەریان بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: سەردانی هەردوو کارگەی ماس و کار کە دوو کۆمپانیان لە کەرتی وزەدا کار دەکەن بۆ ئەوە بوو لە نزیکەوە سەردانی هەردوو شوێن بکەین کە کار بۆ دابینکردنی کارەبا و گاز و نەوت دەکەن.

سەرۆکوەزیران گوتیشی: بە خۆشحاڵییەوە گوێبیستی ئەوە بووین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرنگی بە بابەتی کەرتی وزە و پێشخستنی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات و پێیان ڕاگەیاندین کە پشتیوانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبن بۆ ئەوەی لەم کەرتانەدا بتوانین هەنگاوی باشتر و  پێشکەوتنی باشتریش بە دەست بهێنین.

هەروەها ڕایگەیاند، گفتوگۆی زۆر کراوە بۆ ئەوەی چۆن بەیەکەوە هاوکاری بکەین و ئەوان چۆن بتوانن پشتیوانی ئێمە بکەن.

هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان وەک (کار گروپ، قەیوان، و ماس ئینێرجی) کۆبوونەوەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر ژێرخانی وزە لە ناوچەکە کردووە.

ئامانجی سەردانەکە

● لەنزیکەوە ئاشنابوون بە ژێرخانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان

● ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاڵپشت و هەماهەنگ دەبێت لە بەرەوپێش بردنی کەرتی وزە بەگشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەت لە بواری (وزەی پاک و نوێبووەوە).

●هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕاگرتنەکەی ، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق کەوتووە.

● پاڵپشتی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ وێزدگە غازییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەکارهێنانی غازی بەفیڕۆچو و پشتگیریان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان

● ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاڵپشتی سەربەخۆیی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

سەردانەکەی جێفری پایت بۆ هەرێمی کوردستان لەدوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن دێت کە لە کۆتایی مانگی شوبات کردی، هەر لەو سەردانەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبووەوە و بەڵێنی دا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، هەر ئەو کات ئامادەیی ئەمەریکای بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی بوو، بەتایبەت لە بواری گازی سروشتی و برەودان بە وزەی پاک و نوێبووەوە لە بەرهەم هێنانی کارەبادا دووپاتکردەوە.