ئەمەریکا: لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و ئەنقەرە و هەولێر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە پەیوەندیداین
K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، ئەنقەرە و هەولێر و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پەیوەندی بەردەوامداین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی لوولەی نەوتی جەیهان.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پەرپێدانی چەندین ڕێگەی جیاواز بۆ گەیاندنی وزەی عێراق بە بازاڕەکانی جیهان لە بەرژەوەندیی عێراق و ئەمەریکا دایە.
ئاماژەی بەوە دا، ئێمە بەردەوام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، ئەنقەرە، هەولێر و ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییانەی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتەکە کاریگەری لێ کردوون، لە پەیوەندیداین لەبارەی کردنەوەی لوولەی نەوتی عێراق و تورکیا.
له 25ی ئاداری 2023ـەوە، ههناردەی نهوتی ههرێمی كوردستان له ڕێگهی بهندهری جهیهانی توركیا ڕاگیراوە. بهغدا، ههولێر و ئهنقهره خهریكی دانووستانن بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان. ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕی وزەی جیهاندا.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکەن، بەوەی سەرەڕای ئەوەی لوولە نەوتەکە ئامادەیە، بەڵام نایەوێت هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
مایڵس کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، یەکێک لەو گرفتانەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەیە، گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە.