شوان کەلاری: هەوڵ دەدەین یاسای دامەزراوەی شەهیدان هەمواربكەینەوە

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووینەتەوە و لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ ئەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان هەموار بکەینەوە.

شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی: کۆمەڵێک بەرنامەی چڕوپرمان لەبارەی پرسی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر دەکەین.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووینەتەوە و لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ ئەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان هەموار بکەینەوە.

لە عێراق ڕۆژی 16ی ئایاری هەموو ساڵێک بە رۆژی گۆڕی بە کۆمەڵ ناسراوە. یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵ لە 16ی ئایاری 2003 دۆزرایەوە، بۆیە ئەم رۆژەی پێ ناونراوە.

لە سەردەمی رژێمی بەعس بە هەزاران كەس زیندە بەچاڵ کراون؛ لەوانە 182 ھەزار كورد، هەر بۆیە عێراق بە وڵاتی گۆرە بە کۆمەڵەکان دەناسرێت.

گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە عێراق بۆ سەردەمی رژێمی بەعس واتە پێش ساڵی 2003 و دوای ئەویش ھاتنی داعش بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە.

ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەی تایبەتن بە تاوانەكانی سەردەمی رژێمی بەعس، بەپێی داتا و زانیارییەكانی حكوومەتی عێراق، تاوەكو ئێستا 95 شوێن دەستنیشان كراون كە گۆڕی بەكۆمەڵیان تێدایە، لەو ژمارەیە 79 شوێن ھەڵدراونەتەوە و 16 شوێن ماون. لەنێو ئەو 79 شوێنەی ھەڵدراونەتەوە 158 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە كە 4 ھەزار و 291 رروفات لە خۆدەگرن.