کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ژمارەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاپۆرتی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری، گشتی، تایبەت و ئاوارەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 800 هەزار کەس کارتی بایۆمەتریان بۆ دەرکراوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی گشتی بنکەکانی تۆمارکردن بۆ دەنگدانی گشتی لە هەرێمی کوردستان ١٧٣ بنکەیە، کە لە هەولێر53 بنکە، دهۆک 41 بنکە و لە سلێمانیش 79 بنکەی تۆمارکردن هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی 666.226 کارتی بایۆمەتری لە هەولێر، 245.265 کارت لە بنکەکاندا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە، 110.337 کارت دابەشکراون، 165یان لەنێو براوە، 154 کارتی دووبارە هەبووە، 186 کارت گەڕێندراونەتەوە و 153،928 کارتیش هێشتا دابەشنەکراون.
سەبارەت بە پارێزگای دهۆک. لە کۆی گشتی کارتە بایۆمەترییەکان، 132.933 کارت تۆمارکراوە، 77.237 کارت دابەشکراون، 8 کارت لەنێوبراوە، 9 کارتی گەڕێندراوە هەبووە و 55.696 کارتیش لە بنکەکان ماونەتەوە و دابەش نەکراون.
راپۆڕتەکەی کۆمیسیۆن سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە کۆی 666.226 کارتی بایۆمەتری دەنگدان، 279.028 کارت لە بنکەکانن، 117.846 کارت بۆ خەڵکی گەڕێندراونەتەوە، 1 کارت لەنێوبراوە، 11 کارت گەڕێندراونەتەوە و 161.182 کارتی بایۆمەتریش هێشتا دابەشنەکراون.
لەبارەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی تایبەتیش، باس لەوە کراوە، کۆی گشتی کارتەکان 116.141 کارتە، ژمارەی کارتەکان لە پارێزگای هەولێر 84.936 کارتە، لە پارێزگای دهۆک 11.296 کارت هەبووە، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی کارتەکانی بایۆمەتری 19.909 کارتە.
لەبارەی ئاماری دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری ئاوارەکانیش، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، کۆی گشتی کارتەکان 36.630 کارتە، 10.438 لە پارێزگای هەولێرن، 1846یان دابەشکراون و 8.592 ماونەتەوە، ژمارەی کارتەکانی بایۆمەتری پارێزگای دهۆک 23.433 کارت بووە، 1988 کارت دابەشکراون و 21.445 کارتی بایۆمەتری هێشتا دابەشنەکراون، لە پارێزگای سلێمانیش ژمارەی کارتەکان، 2795 کارتە، 2185 وەرگیراونەتەوە و 574 کارت دابەشنەکراون.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆندا ئاماژە بەوەکراوە، کۆی گشتی کارتەکانی بایۆمەتری هەرسێ جۆری دەنگدا لە پاریزگاکانی هەرێمی کوردستان، 818.997 کارتە، 330.381 کارت دابەشکراون و 488.616 کارتیش لە ناوندەکانی تومارکردن ماونەتەوە.