ئیسپانیا ڕێگە نادات کەشتییەکی ئیسرائیلی کە چەکی هەڵگرتووە لە بەندەری وڵاتەکەی لەنگەر بگرێت

بەندەری قەڕتاجنە لە ئیسپانیا
بەندەری قەڕتاجنە لە ئیسپانیا

ئەمڕۆ هەینی، خۆسێ مانوێل ئەلبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕێگە نادات ئەو کەشتیانەی چەک هەڵدەگرن بۆ ئیسرائیل لە بەندەرەکانیدا جێگیرببن، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسپانیا ڕەتیکردەوە کەشتییەک لە بەندەری قەڕتاجنە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە جێگیرببێت.

ئەلبارێز ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتییەکە یەکەم کەشتییە کە ڕێگری لێکرا لە بەندەرێکی ئیسپانیا جێگیرببێت، دەشڵێت، ڕەتکردنەوەی ئەو کەشتییە لەگەڵ بڕیاری حکوومەت یەکدەگرێتەوە بۆ پێنەدانی مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بە ئیسرائیل، چونکە ئیسپانیا "نایەوێت بەشداری شەڕ بکات".

 ئۆسکار پوینتێ، وەزیری گواستنەوەی ئیسپانیا ڕایگەیاند، ئیسپانیا ڕەتیکردۆتەوە کەشتییەک کە چەکی هەڵگرتبوو و بەرەو ئیسرائیل دەڕۆیشت، لە بەندەری قەرتاجنا جێگیر بێت.

 پوێنتێ ڕوونیکردەوە کە کەشتیی "ماریان دانیکا" بارێکی چەکی هەڵگرتووە بۆ ئیسرائیل و داوای مۆڵەتی وەستانی لە بەندەری قەڕتاجنا کردووە، لە 21ـی ئایاردا.

ڕۆژنامەی ئێل پایس بڵاویکردەوە کە کەشتییەکە نزیکەی 27 تۆن ماددەی تەقینەوەی هەڵگرتووە.

Fly Erbil Advertisment