دیوانییە.. بەهۆی وشکەساڵییەوە 65 گوند چۆڵکراون

گوندێکی پارێزگای دیوانییە
گوندێکی پارێزگای دیوانییە

لە درێژەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24 بۆ گۆرانەکانی کەشوهەوا لە عێراق، ڕۆشنایی دەخرێتە سەر پارێزگای دیوانییە کە بەهۆی وشکەساڵییەوە 65 گوندی چۆڵکراون و دەیان نەخۆشی پێستی تیادا بڵاوبووتەوە.

دوا گۆرانکارییەکانی کەشوهەوای عێڕاق، کاریگەریی گەورەیان لەسەر دەیان گوندی کشتووکاڵی جێهێشتووە و کردوونی بە گوندی تارمایی.

ئەبوحەسەن، جووتیار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "خزم  و کەسوکارەکانم هەموویان جێیان هێشتم و بە تەنیا لێرە ماومەتەوە، بە هەمووی سێ چوار کەس ماونەتەوە، بەڕاستی ئەمە گوندی تارماییەکانە".

جووتیارێکی دیکە بە کوردستان24ـی گوت: ماوەی 10 ساڵە کێشەی کەمئاویمان هەیە، خەڵک هەموویان رۆشتن و خانووەکانیان بەم شێوەیە جێهێشت، هەزار خانوو بە تەواوی خاپوورکراون، خەڵک روویان لە شار کردووە چونکە ماوەی چوار، پێنج ساڵە کشتووکاڵ نییە.

بەهۆی کەمئاوییەوە، رووبەرێکی فراوانیی کشتووکاڵی لەناوچووە، ئاژەڵەکان ناوچەکەیان جێهێشتووە و جووتیارانیش بەهۆی ئاوی بیرەکانەوە تووشی جۆرەها نەخۆشی پێست بوون.

لای خۆیەوە محەممەد ئەلبدێری، بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە دیوانییە، دەڵێت:"گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی گەورەی لەسەر دیوانییە و خەڵکەکەی درووستکردووە، بەشێکی زۆری زەوییە کشتووکاڵییەکان کەڵکیان بڕاوە، خەڵک لە بارودۆخێکی خراپدان، 65 گوند توانای کشتووکاڵییان نەماوە، بۆیە دیوانییە لە بارودۆخێکی ئابووری خراپدایە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر مافە دەستوورییە بنەڕەتییەکانیش هەبووە".

Fly Erbil Advertisment