دیوانییە.. بەهۆی وشکەساڵییەوە 65 گوند چۆڵکراون

لە درێژەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24 بۆ گۆرانەکانی کەشوهەوا لە عێراق، ڕۆشنایی دەخرێتە سەر پارێزگای دیوانییە کە بەهۆی وشکەساڵییەوە 65 گوندی چۆڵکراون و دەیان نەخۆشی پێستی تیادا بڵاوبووتەوە.
دوا گۆرانکارییەکانی کەشوهەوای عێڕاق، کاریگەریی گەورەیان لەسەر دەیان گوندی کشتووکاڵی جێهێشتووە و کردوونی بە گوندی تارمایی.
ئەبوحەسەن، جووتیار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "خزم و کەسوکارەکانم هەموویان جێیان هێشتم و بە تەنیا لێرە ماومەتەوە، بە هەمووی سێ چوار کەس ماونەتەوە، بەڕاستی ئەمە گوندی تارماییەکانە".
جووتیارێکی دیکە بە کوردستان24ـی گوت: ماوەی 10 ساڵە کێشەی کەمئاویمان هەیە، خەڵک هەموویان رۆشتن و خانووەکانیان بەم شێوەیە جێهێشت، هەزار خانوو بە تەواوی خاپوورکراون، خەڵک روویان لە شار کردووە چونکە ماوەی چوار، پێنج ساڵە کشتووکاڵ نییە.
بەهۆی کەمئاوییەوە، رووبەرێکی فراوانیی کشتووکاڵی لەناوچووە، ئاژەڵەکان ناوچەکەیان جێهێشتووە و جووتیارانیش بەهۆی ئاوی بیرەکانەوە تووشی جۆرەها نەخۆشی پێست بوون.
لای خۆیەوە محەممەد ئەلبدێری، بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە دیوانییە، دەڵێت:"گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی گەورەی لەسەر دیوانییە و خەڵکەکەی درووستکردووە، بەشێکی زۆری زەوییە کشتووکاڵییەکان کەڵکیان بڕاوە، خەڵک لە بارودۆخێکی خراپدان، 65 گوند توانای کشتووکاڵییان نەماوە، بۆیە دیوانییە لە بارودۆخێکی ئابووری خراپدایە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر مافە دەستوورییە بنەڕەتییەکانیش هەبووە".