سەفین محەممەد: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
K24 – هەولێر:
بڕیاردەری لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی تەندروستی، دەڵێت: هەڵمەتی پشکنینی کافتریاکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بەردەوام دەبێت بە مەبەستی بەکارنەهێنانی ماددەی هۆشبەر لە تووتنی نێرگەلەکان. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
سەفین محەممەد، بڕیاردەری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی تەندروستی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا تیشکی خستەووەتە سەر ئەوەی کاری جددی بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
ئاماژەی بەوەدا، ماددە هۆشبەرەکان تیرۆرێکی سپییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک هەنگاوی جددی ناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستێکی پۆڵایینەوە لە زاخۆ تا خانەقین بەرنگاری بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بووەتەوە.
بڕیاردەری لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی تەندروستی، گوتی: لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی دراوە بۆ خەرجکردنی بڕی زیاتر لە 20 ملیار دینار بۆ دروستکردنی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەرکردنی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر.
لەبارەی پشکنینی کافتریاکان بۆ بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، سەفین محەممەد، دەڵێت: تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بە هەماهەنگی لێژنەی وەزارەتی تەندروستی بەردەوام پشکنین بۆ تووتنی نێرگەلەی کافتریاکان دەکەن، تا ئێستاش دەرنەکەوتووە کە ماددەی هۆشبەر لە تووتنەکاندا بەکارهێنرابێت.
باسی لەوەشکرد، "هەڵمەتی پشکنینی کافتریاکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بەردەوام دەبێت، هەروەها لە رێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی توانیومانە کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر ئاگادار بکەینەوە و پێکەوە رووبەڕووی ببینەوە".