موقته‌دا سه‌در داوایه‌ك له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانی شیعه‌ داوا له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات، به‌یاسا ده‌نگ له‌سه‌ر رۆژی 18ی زیلحیجه‌ی هه‌موو ساڵێك وه‌ك پشووری فه‌رمی بۆ جه‌ژنی غه‌دیر بدات.

هه‌روه‌ها سه‌در دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ره‌وایه‌تی به‌و داواكارییه‌یان بدات، ئه‌وا سوپاسی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌نگی پێ نه‌دات، ئه‌وا رووبه‌ڕووی پێغه‌مبه‌ر و ئیمام عه‌لی ده‌بنه‌وه‌.

سه‌در له‌میانه‌ی گوتارێكدا راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر داوای رۆژێكی پشوو بكه‌ین بۆ رۆژی غه‌دیر، واتا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ بۆ بیری تایفه‌گه‌ری‌ و كاراكرنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌یه‌.

ده‌شڵێت: "جه‌ژنی غه‌دیر وه‌سیه‌تی پێغه‌مبه‌ره‌ بۆ عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵب و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ رۆژی غه‌دیر ئاماژه‌یه‌ بۆ خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ر بۆ ئیمام عه‌لی".

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در روونیشیكرده‌وه‌، كاتێك مانگی ره‌مه‌زان و رۆژوو و عیباده‌تی ئه‌و مانگه‌ ته‌واو ده‌بێت، جه‌ژنی رۆژووشكاندنی به‌دوادا دێت، كاتێكیش حه‌ج و فه‌ریزه‌كانی حه‌جكردن ته‌واو ده‌بێت، جه‌ژنێكی دیكه‌ی به‌دوادا دێت، ئه‌ویش جه‌ژنی قوربانه‌، جه‌ژنی غه‌دیریش جه‌ژنی ته‌واوكردنی ئایین و نیعمه‌ته‌، كه‌واته‌ كاتێك داوای رۆژێك پشوو بۆ جه‌ژنی غه‌دیر ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان بۆ ته‌واوكردنی ئایین و نیعمه‌ته‌.

سه‌در ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لێره‌دا پێویسته‌ 18ی مانگی ذیلحیجه‌ بكرێته‌ پشووی فه‌رمیی گشتی بۆ هه‌موو موسڵمانان. جا ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر ئه‌و داواكاریه‌ی گه‌ل دا، ئه‌وا سوپاسی ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌نگیان پێ نه‌دا، ئه‌وا رووبه‌ڕووی محه‌ممه‌د و عه‌لی و سوننه‌ و شیعه‌ ده‌بنه‌وه‌.