بورهان عەلی: خانمان وەک پێویست ڕێز لە ماندووبوونی مێردەکانیان ناگرن

K24 – هەولێر:
سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان، دەڵێت: توندوتیژیی دژی پیاوان تا دێت زیاتر دەبێتە، سەرەکیترین توندوتیژیی دژی پیاوان بریتییە لە پشتگوێخستن و ڕێزنەگرتن لە ماندوبوونیان لەلایان ژنەکانیانەوە.
بورهان عەلی فەرەج، سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژـیر 23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، سکاڵای پیاوان لەسەر توندوتیژی بەرامبەریان لە زیادبوون دایە، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان وایکردووە پیاوان ڕووبەڕرووی توندوتیژی ببنەوە.
ئاماژەی بەوەدا، سەرەکیترین توندوتیژی پیاوان بریتییە لە؛ پشتگوێخران و ڕێزنەگرتن لە ماندوبوونیان لەلاین ژنەکانیانەوە، هەروەها سۆشیال میدیا ڕۆڵی لە زیادبوونی توندوتیژی خێزانی هەیە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، پار ساڵ پیاوان 619 سکاڵایان تۆمار کردووە، هەروەها ساڵی ڕابردوو 8 پیاو کوژراون، هەروەها 67 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان هەبووە.
سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان، دەڵێت: پار ساڵ 49 حاڵەتی دەرکردنی پیاوی بە تەمەن تۆمار کراوە، توندوتیژی جەستەیی 12 حاڵەت تۆمار کراوە، خیانەتی هاوسەریی 57 حاڵەت، خۆتێهەڵقورتاندنی کەسوکار لە ژیانی هاوسەرگیری 229 حاڵەت، فشاری دەرونی و سێکسی 17 حاڵەت، دەستبەسەرداگرتنی مووچە 19 حاڵەت، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و بێبەشکردنی پیاوان لێی 11 حاڵەت، سکاڵای کەمخستنەوەی وەچە 7 حاڵەت تۆمار کراوە.
بورهان عەلی فەرەج، گوتیشی: هاوژینان وەک پێویست ڕێز لە ماندووبوونی هاوسەرەکانیان ناگرن.