بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 18ی ئایاری 2024  کۆببێتەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت و دووەم خوێندنەوەش بۆ هەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات.

بەگوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاو کراوەتەوە، بڕیارە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ دەست پێ بکات و تەوەری یەکەمی دانیشتنەکەش خوێندنەوەی دووەمە بۆ پرۆژە یاسای پشووە فەرمییەکان. هەروەها بڕگەی دووەمی دانیشتی ئەنجوومەنەکە دووەم خوێندنەوەیە بۆ هەمواریی دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە 31ی ساڵی 2019کە لەلایەن لجنەی یاسایی ئامادەکراوە.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا بڕیارە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن بۆ سەرۆکێکی نوێی پەرلەمانی عێراق بکرێت کە زیاتر لە شەش مانگە بێ سەرۆکە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئەو پۆستە لە نێوان هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی یەکلایی بکرێتەوە.

لە 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانتاریی و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی عێراق چوار جار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووەوەتەوە بەڵام هەر چوار جارەکە شکستیان هێناوە.

دوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی کوتلەی سەدارەی سوننەکان لەگەڵ هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، چاوەڕوان دەکرێت پرسی بۆشایی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی سوننەکانە بە کاندیداکردنی مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان پڕ بکرێتەوە.

هەروەها هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر پشتیوانیی لە سالم عیساوی دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق کە پشکی سوننەکانە، بەڵام دیار نییە کام کاندیدەی سوننەکان کۆتایی بە سەرۆکایەتیکردنی بە وەکالەتی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەهێنێت و دەبێتە شوێنگرەوەی حەلبووسی.

 سالم عیساوی کەسایەتیی سیاسیی سوننەکان لە دایکبووی 1972 هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە و لە ساڵانی 2010 بۆ 2014 ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبارە بوو، لە 2014 تاوەکوو 2018 پەرلەمانتاری عێراق و نوێنەری دانیشتووانی ئەنبار بووە.

هەروەها مەحموود داوود سەلمان مووسا مەشهەدانی لە دایکبووی 20ی ئایاری 1948، کەسایەتیی سیاسی و پەرلەمانتاری ئێستا، لە دوای شەڕی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا کردووە و سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمانی عێراق بووە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هاوکات ئەندامی لیژنەی داڕشتنەوەی دەستوور بووە. هەروەها لە ساڵی 2008 بە سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی هەڵبژێردراوە.

Fly Erbil Advertisment