لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 580 کەس بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون
هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بەردەوامن و بە گوێرەی ئامارەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 500 کەس بە تۆمەتی بازرگانیی و بەکارهێنانی ئەو ماددانە دەستگیر کراون.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و تیمێک لە وەزارەتی تەندروستی و لیژنەیەک لە پارێزگای هەولێر، بەردەوام سەردانی لەناکاوی کافەتریا و خواردنگەکان دەکەن بە مەبەستی پشکنینی ماددەی هۆشبەر بۆ تووتنی نێرگەلە و پشکنینی کارمەندانی کافێ و خواردنگەکان.
پشکنینی کارمەندەکانیش لە ڕێگەی پشکنینی زانستیی پزیشکییەوە دەکرێت؛ هەر کەسێک بەکارهێنەربێت، ڕاستەوخۆ لە پشکنینەکان دەردەکەوێت.
پەنا محەممەد، کارمەندی تەندروستی و ئەندامی لێژنەکە دەڵێت: "پشکنینەکانمان بریتین لە پشکنینی ماددەی هۆشبەر بۆ هەموو ئەو ستافانە دەکرێت کە لە کافێ و خواردنگەکان کار دەکەن. میزی ئەوانەی لەوێ کاردەکەن لەە تاقیگە دەپشکنرێت و بە شێوەیەکی ورد خوێندنەوەی بۆ دەکرێت؛ لە ئەنجامەکەی ئاگاداردەبینەوە و هەر کەسێک ئالوودە یاخود بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بێت بەدڵنیاییەوە لە پشکنینەکانمان دەردەچێت".
لێژنە تایبەتمەندەکان تـەواوی کافێ و خواردنگەکان لەگەڵ تووتنی نێرگەلەکان دەپشکنن. بەشێک لە تووتنەکان دەبەنە تاقیگەی گەورە و دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی وردەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ماددەی هۆشبەر لەناو تووتنی نێرگەلەکەدا هەیە یاخود نا. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەریش دەڵێت، بەڵێننامە بە خاوەنی کافێ و خواردنگەکان پڕ دەکرێتەوە.
ئەرکان عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، "ئێمە پشکنین بۆ تێکەڵەی تووتنی نێرگەلەی کافتەریا و خواردنگەکان دەکەین تاوەکو دڵنیابینەوە کافتەریا و خواردنگەکان نابن بە ناوەندێک بۆ بڵاو کردنەوەی ماددەی هۆشبەر و لە هەمان کاتدا بەڵێنامە بە خاوەنی کافتەریا و خواردنگەکان پڕ دەکردەکەینەوە تاوەکو پابەندن بە ڕێنماییەکانی بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان".
وەکو ئەوەی ئەرکان عومەر باسی کرد، مەبەستیانە کە هەرێمی کوردستان نەبێت بە ناوەندێک یان شوێنێک بۆ ساخکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و " ئەگەر لە شوێنێک ماددەی هۆشبەر بەکار بهێنرێت،
ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بە توندترین شێوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو شوێنانە دەگرینەبەر".
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 580 تۆمەتبار دەستگیرکراون. لەو ژمارەیەش 328 تۆمەتبار کڕین و فرۆشتنیان بەو ماددانەوە کردووە و 76 کیلۆ ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.
هەڵمەتی پشکنینی ماددەی هۆشبەر بۆ کارمەندانی کافەتریا و خواردنگەکان، هەڵمەتێکە بە بەردەوامی دەکرێت و ئامانج لەم هەڵمەتە پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لەو ماددانە.