چین و ڕووسیا پشتگیریی لە داواکەی بەغدا دەکەن بۆ کۆتایهێنان بە ئەرکی 'یونامی'

ڕووسیا و چین پشتگیریی داواکارییەکەی بەغدایان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق "یونامی" ئەمەریکاش ڕەخنەی لە کارەکە گرتبوو.

 بەگوێرەی نوسراوێکی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حکوومەتی عێراق داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە تا کۆتایی ساڵی 2025 کۆتایی بە ئەرکە سیاسییەکەی بهێنێت لە وڵاتەکە، کە زیاتر لە 20 ساڵە لەو وڵاتە کار دەکات و پێویستی پێ نەماوە، هەروەها جێگری نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، عەباس کازم عوبەید فەتلاوی، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەو داواکارییەی لەبەردەم ئەنجوومەنەکەدا دووبارە کردەوە و گوتی: "ئەو ئەرکە ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە".

 ڤاسیلی نێبێنزیا، نێردەی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتیوانیی ئەم بۆچوونەی کرد و ڕایگەیاند، "عێراقییەکان ئامادەن بەرپرسیارییەتی داهاتووی سیاسیی وڵاتەکەیان لە ئەستۆ بگرن".

ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە ببنە بیانوو بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تا کاتێکی نادیار لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە.

هەروەها جێگری نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گێنگ شوانگ، ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی ساڵانەی ئەرکەکەی، دەبێت ئەنجوومەنەکە پلانێک دابنێت بۆ ئەوەی وردە وردە بکشێتەوە، چونکە نوێنەرایەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا بە ڕەزامەندی وڵاتی میواندار دەتوانن کار بکەن.

بەریتانیا و فەرەنساش پشتیوانیی خۆیان بۆ گۆڕان لە هاوبەشی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕیوە.

بەڵام هەڵوێستی ئەمەریکا زیاتر ناڕوون بوو، چونکە باڵیۆز ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لیندا تۆماس گرینفیڵد گوتی: نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) "هێشتا کارێکی گرنگی هەیە بۆ جێ بەجێ کردنی"، جەختیشی لە ڕۆڵی سەرەکی نوێنەرایەتییەکە کردەوە، لە زۆر بابەتی سیاسی گرنگدا، وەک پشتیوانیی لە ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ، هەرچەندە عێراق بە ڕوونی داوای کرد کە نوێنەرایەتییەکە ڕاستەوخۆتر سەرنجی لەسەر پرسە ئابوورییەکان بێت.

 جینین پلاشخارت، سەرۆکی نێردەی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ڕایگەیاند، "هەستی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن لەنێو پێکهاتە عێراقییەکاندا زیاتر دەبێت و ئەگەر ئەمە چارەی بۆ نەدۆزێتەوە، ڕەنگە ڕووبەڕووی هەڵگیرسانی گرژییەکان ببینەوە لەنێوان مەزهەبەکاندا".

Fly Erbil Advertisment