لە ئێران، 261 ئەندامی تۆڕێکی ڕێکخراوی پەیڕەوانی شەیتان دەستگیر دەکرێن

ناوەندی ڕاگەیاندنی پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند، 261 ئەندامی تۆڕێکی  ڕێکخراوی پەیڕەوانی شەیتان لە شاری کەرەجە دەستگیر کراون کە سێ هاووڵاتیی ئەورووپاییشیان لەگەڵدایە.

بە گوتەی پۆلیسی ئێران، 146 پیاو و 115 ژن لە کاتێکدا دەستگیر کراون، خەریکی بانگەشە بوون بۆ کولتووری پەیڕەوی لە شەیتان و دەست بەسەر 73 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە.

ئاژانسی "هەواڵی تەسنیم"، چەند وێنەیەکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیاندا پەیکەر و وێنەی کاسەسەری مرۆڤ دیارە و بە هێمای پەیڕەوی لە شەیتانی ناساندووە.

پۆلیسی ئێران زۆر جار هێرش دەکاتە سەر ئەو کۆڕ و دانیشتنە تایبەتییانەی تێیاندا لایەنگرانی شێوازە جیاوازەکانی مۆسیقا کۆ دەبنەوە و بە ناوی پەیڕەوانی شەیتان دەستگیریان دەکات.

شێوازی مۆسیقای مێتال، لقێکە لە مۆسیقای ڕۆک کە بە هێما و گۆرانیی ناڕازییانە ڕەخنەی توند لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتە سیاسییەکان دەگرێت.

Fly Erbil Advertisment