کۆمپانیای بزنس ئینتێڵ: فڕۆکەخانەی بەغدا یەکێکە لە خراپترین فڕۆکەخانەکانی جیهان
"دۆسییەیەکی گەندەڵی لەسەر بەڕێوەبەری پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە ئاشکرا دەبێت، عێراقیش بەرگریی لێ دەکات"

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی کۆمپانیای "بزنس ئینتێڵ"ـی کەنەدی کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدای بەپێی گرێبەستێک لە ئەستۆدایە، هەندێک گەندەڵی لەسەر کارەکانی بەڕێوەبەرەکەی لە عێراق ئاشکرا دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی ئاشکرا کراوە، کۆمپانیای سەرەکی کە لە کەنەدایە، بۆیان دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەیان لە عێراق بەناوی "فیراس ئەلعەزاوی" گەندەڵی دەکات و پارە لە هەژماری کۆمپانیاکە دەکێشێتەوە، ئەمەش وای لە کۆمپانیاکە کرد نامە بۆ عێراق بنێرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئەرکی ئەلعەزاوی بهێنێت و ئەوس سوبحی ئەلدەراجی وەک بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراو لە شوێنی ئەلعەزاوی دابنرێت. هەروەها لە نووسراوی ڕێگەپێدانەکەدا هاتووە کە ئەلدەراجی ڕێگەی پێ نادرێت پارە لە هەژماری بانکی کۆمپانیاکە دابنێت و بکێشێتەوە تەنها بە مۆڵەتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سەرەکی لە کەنەدا نەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، یەکێک لە بەڵگەنامەکان دەرکەوتووە، بەڕێوەبەری پێشوو، فیراس ئەلعەزاوی، لە ماوەی نێوان مانگی تەمموز تا کانوونی یەکەمی ساڵی 2023، زیاتر لە 8 ملیۆن دۆلاری لە هەژماری کۆمپانیاکە دەرهێناوە، ئەمەش هەمان ئەو ڕووداوەیە کە تێیدا کێشە و ئاڵۆزیی لە نێوان فەرمانبەرانی فڕۆکەخانەی بەغدا سەری هەڵدا و دەیان گوت ماوەی 5 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، هاوکات فەرمانبەرانی ناڕەزایی ترسێنراون و دەرکراون و ژەمی خواردنیان کەم کراوەتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی پەیوەندییەکان کە ئاراستەی ICAO کراوە، مەترسیدارترین شت لەو بەڵگەنامانە ئەوەیە، کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای سەرەکی "حافز ئۆکەی" نوسراوێکی بۆ ڕێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی (ICAO) ناردووە و تیایدا گلەیی ئەوە دەکات، کە لایەنی عێراقی گوێڕایەڵیی کۆمپانیاکەی نەکردووە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی بەڕێوەبەرە گومانلێکراوەکە، "فیراس ئەلعەزاوی".
جەختیشی کردەوە، ئەو لایەنەی عێراقی کە بە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و کۆمپانیای گشتی، گرێبەستیان لەگەڵدا کردووە، داواکارییەکەی کۆمپانیای بزنس ئینتێڵ ڕەتی دەکاتەوە و پێداگریی دەکات لەسەر مانەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ فیراس ئەلعەزاوی، سەرەڕای ئەو کارە گەندەڵیانەی دەیان کات.
کۆمپانیاکە لە نامەکەیدا بۆ ICAO سەلماندوویەتی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی و کۆمپانیای گشتیی بۆ بەڕێوەبردنی فڕۆکەوانی داواکارییەکانی کۆمپانیاکەی ڕەت کردووەتەوە دەربارەی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە عێراق؛ هەروا گوتراوە فڕۆکەخانەکە یەکێکە لە خراپترین فڕۆکەخانەکانی جیهان و بەو هۆیەوە کۆمپانیاکە بۆ دابینکردنی پاراستنی ئەمنی فڕۆکەخانەی بەغدا کارەکانی ڕادەگرێت.


