ڕووسیا دەستی بەسەر 813 ملیۆن دۆلاری دوو بانکی ئەورووپادا گرت

ئاژانسی ڕۆیتەرز و ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویان کردووەتەوە، دادگای ڕووسیا بڕیاریداوە دەست بەسەر 813 ملیۆن دۆلاری بانکەکانی دۆیچە بانکی ئەڵمانی و یونی کرێدیتی ئیتاڵیدا بگرێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، ئەم بڕیارە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە بانکی ناوەندی ئەورووپا قەرزدەرەکانی ناوچەی یۆرۆ کە کارەکانیان لە ڕووسیایە ئاگادارکردووەتەوە بۆ خێراترکردنی پلانەکانی دەرچوونیان.

 ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ شەممە، بە پشتبەستن بە مێدیاکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان و هەژمار و موڵک و ماڵی دۆیچە بانکی ئەڵمانی لە ڕووسیا دەرکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی داوایەکی یاساییدا کە بانکی ئەڵمانی تێیدا بەشدارە.

بەگوێرەی ئاژانسی "تاس"ـی ڕووسی، کۆی ئەو سەروەت و سامانەی لە بانکە ئەڵمانییەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە، نزیکەی 283.6 ملیۆن یۆرۆیە کە دەکاتە 309 ملیۆن دۆلار.

هاوکات ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ڕایگەیاند، دادگایەک لە سانت پترسبۆرگ دەستی بەسەر ئەو سەروەت و سامانەدا گرتووە، کە بڕی 463 ملیۆن یۆرۆ، 504 ملیۆن دۆلارە و خاوەندارێتی بۆ بانکی یونی کرێدیتی ئیتاڵیای دەگەڕێتەوە.

 بەپێی ڕۆژنامەکە، "دەستبەسەرداگرتن" یەکێکە لە گەورەترین هەنگاوەکان لەدژی بانکەکانی ڕۆژئاوا لەدوای هێرشە بەرفراوانەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمەش وای کردووە زۆربەی قەرزدەرە نێودەوڵەتییەکان بکشێنەوە یان کۆتایی بە کاروبارەکانیان لەو وڵاتەدا بهێنن.

لەو بارەیەوە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا داوای کرد، ڕۆژی دووشەممە، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی دەستبەسەرداگرتنەکان کە کاریگەری لەسەر دووەم گەورەترین بانکی وڵاتەکە هەیە بکرێت.

 مانگی ڕابردوو دادگای ڕووسیا بڕیاری دا دەست بەسەر زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی بانکی ئەمەریکی JPMorgan Chase بگیرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن بانکی "ڤی تی بی" کە لەلایەن کرێملینەوە بەڕێوەدەبرێت تانەی یاسایی لێدا.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، لەم دواییانەدا، یەکێتیی ئەورووپا، ڕەزامەندیی دەربڕیووە لەسەر ڕێککەوتنێک بۆ بەکارهێنانی داهاتی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ڕووسیا بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا.

 

Fly Erbil Advertisment