نیپاڵ.. منداڵێك قه‌ڵه‌مێكی 10 سانتیمه‌تری قووت ده‌دات

K24- هەولێر:

منداڵێكی نیپاڵی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵ قه‌ڵه‌مێك قووت ده‌دات، به‌ڵام به‌بێ هیچ زیانێكی ته‌ندروستی ڕزگاری ده‌بێت؛ هاوكات پزیشكان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن خواردن و قووتدانی كه‌لوپه‌لی نامۆ له‌ لایه‌ن منداڵانی شه‌ش مانگی بۆ شه‌ش ساڵی، حاڵه‌تێكی باوه‌.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 18ـی ئایاری 2024) مێدیاكانی نیپاڵ بڵاویان كرده‌وه‌، منداڵێكی منداڵێكی نیپاڵی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵ قه‌ڵه‌مێكی قووت داوه‌ كه‌ درێژییه‌كه‌ی 10سم بووه‌، به‌ڵام به‌بێ هیچ زیانێكی ته‌ندروستی ڕزگاری بووه‌.

پزیشكان به‌ مێدیای ئه‌و وڵاته‌یان گوتووه‌، منداڵه‌كه‌ پشکنینی تیشکی ئێکسی بۆ سنگ و سکی كراوه‌ و دەرکەوتووە کە قەڵەمەکە لە گەدەیدا گیر بووە.

سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه‌، منداڵه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌شت كاتژمێر له‌ نه‌خۆشخانه‌دا ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌یدا چالاك بووه‌.

پزیشکان ئامۆژگاری منداڵەکەیان کردووە کە بە درێژایی ماوەی چاودێریکردنەکە ئاوی زۆر بخواتەوە و خواردنیشی ته‌نیا مۆز بێت.

بەگوێرەی گۆڤاری Radiology Case Reports، پزیشکەكان گوتوویانه‌، خواردنی مادده‌ و کەلوپەلی بیانی لەنێو منداڵانی نێوان شه‌ش مانگ بۆ شه‌ش ساڵ، حاڵه‌تێكی باوه‌.

هه‌روه‌ها گوتوویانه‌، ڕێژه‌ی 80% بۆ 90%ـی حاڵه‌ته‌كانی خواردن و قووتدانی مادده‌ نامۆكان پێویستیان به‌ نه‌شته‌رگه‌ریی نییه‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكیان به‌هۆی تیژییه‌كه‌یانه‌وه‌ زیان به‌ گه‌ده‌ و كۆئه‌ندامی هه‌رس بگه‌یه‌نن.

Fly Erbil Advertisment