سعوودیه‌ بارانی دەستکرد بەسەر حاجییاندا دەبارێنێت

K24 – هه‌ولێر:

ناوه‌ندێكی سعوودی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بواری كه‌شناسی توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێی ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ جووڵاندن و ئاراسته‌كردنی هه‌وره‌كان له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌، ئامانجیش لێی دروستكردنی كه‌شێكی مامناوه‌ند و فێنكه‌ بۆ حاجیان له‌ وه‌رزی داهاتووی حه‌جدا.

ناوه‌ندیی نیشتمانیی کەشناسیی لە سعوودیە توێژینەوەیەکی ڕاگەیاند کە مەبەست لێی جووڵاندن و ئاراسته‌كردنی هەورەکانە لە ناوچەی تایفەوە کە کەشوهەوای مامناوەندی هەیە، بەرەو شوێنە پیرۆزەکان. بە مەبەستی دروستكردنی کەشوهەوایه‌كی فێنك و له‌بار بۆ حاجییان لە وەرزی داهاتووی حەجدا.

له‌م باره‌وه‌ ئه‌یمه‌ن غوڵام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری نیشتمانیی کەشناسیی لە سعوودیە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ناوه‌نده‌كه‌یان لە کاتی حەجی ئەمساڵدا توێژینەوە دەکات، بە مەبەستی دەستکاریکردنی کەشوهەوای ناوچەی مەشاعیر.

غولام هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، کە بەرنامەی "بارانی ده‌ستكرد" لە سعوودیە ئه‌نجامی گەورەی به‌ ده‌ست هێناوه‌، ئەمەش وای کردووه‌ ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانیی کە لایه‌نی فه‌رمی دانپێدانانی ئه‌و تاقیکردنەوانەیه‌، بانگهێشتی سعوودیە بکات بۆ ئەوەی بەشداری تیمەكانیان بکات بۆ تەکنیکەکانی گۆڕینی کەشوهەوا، کە بریتییە لە هێنانه‌ ئارای "بارانی ده‌ستكرد".

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كردووه‌، پلەکانی گەرما لە شوێنە پیرۆزەکان لە کاتی ڕێوڕەسمی حەجدا لە دەوروبەری 48 پلەی سەدی دەبێت، كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌شێكی گه‌رمه‌ و دەبێتە مایەی بارگرانیی بۆ حاجییه‌كان.